دوو پێشنیاز راپۆرتی لیژنەی دارایی پێوەست بە بودجەی راگرتووە

بەغدا-KDP.info-بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند کە، ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئامادەكراوە، بەڵام دوو هۆكاربوونەتە رێگر لەبەردەمی لیژنە، ئەویش پێشنیازێكی دەوڵەتی یاسا و؛ پێشنیازێکی دیکەی رەوتی سەدرە، بۆیە هەوڵدەدرێت لە 48 كاتژمێری داهاتوودا ئەو كێشەیە چارە بكرێت .
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق (ئەحمەدی حاجی ڕەشید) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق كۆتایی پێ هاتووە، بەڵام دوو كێشە بۆلیژنەکەیان پێشهاتوون، ئەویش پێشنیازی دەوڵەتی یاسا و پێشنیازی رەوتی سەدرە کە ناڕەزایی دروست كردوون.
ئەو بڕیاردەرەی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق دەشڵێت، لە پیشنیازی دەوڵەتی یاسا كە دژی رێككەوتنی هەرێم و بەغدایە هاتووە دەبێت گشت ئەو نەوتەی لە پارێزگاكانی عێراق دەردەهێنرێت دەبێت بكەوێتە ژێردەستی كۆمپانیای سۆمۆ، جگە لەوەی بۆ ناوخۆ بەكاردەهێنرێت ئەمەش دژی رێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و ناوەندە و بۆ زیان گەیاندنە بە حكوومەتەكەی (حەیدەر عەبادی) بۆیە ئێمە ئەوە بۆ سێیەم جارە بەڕاشكاوی دەڵێین ئەگەر ئەو پێشنیازەیان بخرێتە ناو بوودجەوە، ئەوا ئێمە كۆبوونەوەكان بەجێ دەهێڵین و ئەگەریش نەخرێتە ناو بوودجە دەوڵەتی یاسا كۆبوونەوەكان بەجێ دەهێڵن، بۆیە سەرۆكی لیژنە پەنای بردووە بۆ لایەنە سیاسیەكان، چونكە لەناو لیژنەكە چارەناكرێت، هەروا پێشنیارێکی دیکەیش لەلایەن رەوتی سەدر (ئەحرار) پێشكەش كراوە ئاستەنگ بۆ بوودجەی عیراق دروست دەكات .
(ئەحمەدی حاجی ڕەشید) راشیگەیاند کە، ڕاپۆرتەكەی لیژنەی دارایی لە تەواوبوون دایە، خوازیارم بتوانین تا رۆژی شەممە لە ماوەی 48 كاتژمێر ئەو گرفتە چارەبکەین و دواتریش پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەڕلەمانی بكەین و ئەوانیش بڕیاری لەسەر دەدەن كەی دەخرێتە دەنگدانەوە.
نەشوان بەرزنجی




