بە هۆی نەبوونی پارەوە بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان رەوانە نەكراوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی وەبەرهێنان و ئابووری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هۆكاری دواكەوتنی ناردنی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و دەڵێت، بە هۆی نەبوونی پارەوە لە گەنجینەكانی عێراق، بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان رەوانە نەكراوە.
ئەندامی لیژنەی وەبەرهێنان و ئابووری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (نەجیبە نەجیب)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "پێشتر بەغدا گلەیی ئەوەی هەبوو كە هەرێمی كوردستان ئەو رێژە نەوتەی بۆی دیاری كراوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە رەوانەی نەكردووە، بەڵام لە هەشتی ئەم مانگەوە شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و پێی راگەیاندن كە هۆكاری نەناردنی رێژەی دیاریكراو ئەوەیە كە بۆریی نەوت توانای نییە، بەڵام لە مانگەكانی داهاتوودا رێژەكە بۆ 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرز دەكەنەوە و ئەوەی كە كەم رەوانە كراوە، قەرەبووی دەكەنەوە و كێشەكە چارە كراوە".
(نەجیبە نەجیب) گوتیشی، نەناردنی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان سیاسیی نییە، بەڵكو هۆكارەكەی ئەوەیە كە كێشەی گواستنەوەی پارە هەیە.
ڕوونیشی كردەوە كە، "من خۆم دوێنێ بەدواداچوونم بۆ ئەو پرسە لەگەڵ بانكی ناوەندی كردووە و ئەوانیش باسیان لەوە كرد كە هیچ كێشەیەك لە رەوانەكردنی بەشەبودجەدا نییە و تەنیا گەنجینەكان پارەیان تێدا نییە".
بڵند ئیبراهیم




