٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی نامەیەك بۆ سەرۆكوەزیرانی ئوردن دەنێرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی تەندروستی و بەهێزكردنی پێوەندییەكان، نامەیەكی سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) دەگەیەنێتە سەرۆكوەزیرانی ئوردن.

وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (د. رێكەوت حەمە رەشید)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "نامەیەكی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) دەگەیەنمە سەرۆكوەزیرانی ئوردن(عەبدوڵڵا نەسوری)، ئەو نامەیەی كاك (نێچیرڤان بارزانی)ـیش بۆ سەرۆكوەزیرانی ئوردن‌، بۆ ئەنجامدانی گرێبەستێكە لە بواری تەندروستی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا".

(د. رێكەوت حەمەڕەشید) گوتیشی، "لە 25-ی ئەم مانگەدا گەشت دەكەم بۆ ئوردن و تاوەكو 29-ی مانگ بەردەوام دەبین و نامەكە دەگەیەنمە سەرۆكوەزیرانی ئوردن، كە جگە لە بواری تەندروستی، نامەكە بۆ بەهێزكردنی پێوەندی هەردوولایە لە بوارەكانی دیكەییشدا".
وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، لە ماوەی رابردوودا سوودیان لە ئوردن وەرگرتووە و پزیشكیان بۆ راهێنان ناردوونەتە ئەو وڵاتە.
دەشڵێت، لە سێ ساڵی داهاتوودا چەند پلانێكی تەندروستییان دەبێت و بۆ ئەوەیش سوود لە ئوردن وەردەگرن، هەروەها چەند شارەزایەكی ئوردنییش دەهێننە كوردستان.
(د. رێكەوت) پێی وایە كە وڵاتی ئوردن و كوردستان لە چەند بوارێكەوە لە یەكتر نزیكن و هەوڵیش دەدەن ئەزموونی سەركەوتووی ئەو وڵاتە بهێننە كوردستان.
وەزیری تەندروستی جەختی كردەوە كە، هاوكاری و هەماهەنگی لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئوردندا هەبووە و بەردەوامییشی پێ دەدەن.
یەحیا سابیر
 

هەواڵی پەیوەندیدار