٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وانكێ.. پێشمەرگە ئارامیی هێنایەوە و تیرۆریستانیش بەرەو مووسڵ و تەلەعفەر ڕایان كرد

سەرچاوە: KDP.info

وانكێ-KDP.info- دوای ئەوەی دوێنێ هێزەكانی پێشمەرگە لە وانكێ و دەوروبەری ڕووبەرێكی زۆریان لە تیرۆریستان پاك كردەوە، تیمەكانی هەڵگرتنەوەی بۆمب لە ناوچەكە دەستیان بە هەڵگرتنەوە و پووچەڵكردنەوەی بۆمب كردووە، بۆ ئەوەی لە كاتی گەڕانەوەی هاووڵاتیاندا تووشی زیانی گیانی نەبن.

فەرماندەی پێشمەرگە لە وانكێ موقەدەم (ساڵح  غەفوور) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، دوای ئەوەی دوێنێ شارەدێی وانكێ و گوندەكانی دەوروبەر لە تیرۆریستانی داعش خاوێن كرانەوە، ئێستا ناوچەكە ئارامە و لە ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدایە.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گوتیشی، لە ناوچەكەدا هیچ جموجۆڵێكی داعش نەماوە و هەموویان بەرەو مووسڵ و تەلەعفەر هەڵاتوون، بەڵام تیرۆریستان ژمارەیەكی زۆری لە بۆمب و تی ئێن تییان لە ناوچەكە چاندووە، ئەوەیش كەمێك گرفتی بۆ پێشمەرگە دروست كردووە.
موقەدەم (ساڵح) ئاماژەیشی دا كە، ئەمڕۆ تیمەكانی پووچەڵكردنەوەی مین و تی ئێن تی دەستیان بە خاوێنكردنەوەی ناوچەكە كردووە، بۆ ئەوەی لە كاتی گەڕانەوەی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانەدا، سەلامەت بن و هیچ زیانێكیان بەر نەكەوێت.
دەشڵێت، تیرۆیستان ناوچەكەیان بە تەواوەتی كاول كردووە و زۆربەی هەرە زۆری خانووی هاووڵاتیان تەقێنراونەتەوە و زیانێكی زۆریان بە ناوچەكە گەیاندووە، هەروەها هەرچی كەلوپەلی هاووڵاتیان هەبووە، هەموویان بردووە و ماڵەكانیان تاڵان كردوون.

ڕابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار