٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەرێمی شلۆنسك دەیەوێ پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا پتەو بكات

سەرچاوە: KDP.info

پۆڵۆنیا-KDP.info- نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵۆنیا (زیاد ڕەئووف) ڕۆژی سێشەممە 20-ی یەنایەر، بەشداریی لە دیدارێكی دیپلۆماتی كۆنسووڵخانەكان لە شاری كاتۆڤیچا كرد، كە لە لایەن پارێزگاری هەرێمی شلۆنسك (پیۆتر لیتڤا) هاتبووە ڕێكخستن و لە دیدارەكەدا جەخت لە پتەوكردنی پێوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و هەرێمی شلۆنسك كرایەوە.

سەرەتا پارێزگار بە گەرمی پێشوازیی لە میوانەكان كرد و ئاماژەی بەوە دا كە، ئەوە یەكەمین جارە دیدارێكی لەو جۆرە ئەنجام دەدات، بەڵام هیوای خواست كە ببێتە نەریتێكی ساڵانە. (پیۆتر لیتڤا) سوپاسی هاریكارییەكانی ساڵی ڕابردووی كرد و داوای پتەوتركردنی پەیوەندییەكان و هەماهەنگییەكانی كرد بۆ ساڵی 2015.
پارێزگار باسی پلانەكانی ساڵی تازەی كرد بۆ هەرێمی شلۆنسك و لە هەموویشیان گرینگتر تیشكی خستە سەر بونیادنانەوەی پیشەسازی دەرهێنانی كانزای خاو.

دوای گوتەكەی پارێزگار و كۆنسێرتێكی كورت، میوانەكانی دیدارەكە دەرفەتیان بۆ ڕەخسا گفتوگۆ لە نێوان یەكتردا بكەن. (زیاد ڕەئووف) لەگەڵ لە كۆنسووڵەكان دەربارەی بارودۆخی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆی كرد، دواتر لەگەڵ (پیۆتر لیتڤا) هەلومەرجی دروستكردنی پەیوەندی و هاریكاریی نێوان هەرێمی كوردستان و هەرێمی شلۆنسكی ورووژاند.

دیدارەكەی شاری كاتۆڤیچا نیشانەی ئەوەیە كە هەرێمێكی دیكەی وڵاتی پۆڵۆنیا، كە ئەویش هەرێمی شلۆنسكە، دەخوازێت پەیوەندیی هاریكاری لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دروست بكات. لە هەمووی جێی بایەختر پەیوەندیی ئابوورییە، چونكە هەرێمی شلۆنسك گەورەترین سەنتەری پیسەسازییە لە پۆڵۆنیا و یەكێكە لە گەورەترینەكانی ئەورووپا، بە تایبەتی بۆ بواری دەرهێنانی خەڵوزی بەردین و كانزا فەلەزییەكان.

 

هەواڵی پەیوەندیدار