زیاتر لە 35 هەزار هاووڵاتی بۆ سنوونێ گەڕاونەتەوە
__2015_01_22_h17m43s43__LB.jpg)
شنگال-KDP.info- قایمقامی شنگال دەڵێت، زیاتر لە 35 هەزار هاووڵاتی و خێزان گەڕاونەتەوە سنوونێ و تەواوی فەرمانگەكان كراونەتەوە و زۆربەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیش بۆ ئەو ناوچەیە گەڕێندراونەتەوە، ئێستایش لە هەوڵدان تا ئازادكردنی شنگال، ئیدارەی شنگال لە سنوونێ بكەنەوە و لەوێ ئیشوكاری هاووڵاتیان ڕاپەڕێنن.
ژیان لە سنوونێ گەڕاوەتەوە دۆخی جاران، وێڕای ئەوەی خەڵکی ناوچەکە چاوەڕوانی دەست و بازووی هێزی پێشمەرگەن بۆ ئازادکردنی شنگال، هاوکات لە کەشێکی ئاساییشدا سەرقاڵی ژیانن و وەک جاران هاووڵاتیان لە ناحیەی سنوونێ جمەیان دێ. پێوەست بە بارودوخی سنوونێ و شنگال، قایمقامی شنگال (مەیسەر حەجی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "دوای ڕزگاركردنی شارەدێی سنوونێ و كۆمەڵگە و گوندەكانی دەوروبەری، ئێستا لە ناوچەكە بە تەواوەتی ڕەوش ئارامە و ڕۆژانە هاووڵاتیان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، تا ئێستایش بە پێی ئەو ئامارەی لە دەست ئێمەدایە، زیاتر لە 35 هەزار هاووڵاتی و خێزان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ڕۆژانەیش گەڕانەوەی ئاوارەكان بەردەوامە".
( مەیسەر حەجی) ئاماژەیشی دا، "هەموو فەرمانگەكانی ناوچەكە دەستیان بە دەوام كردووە و ڕۆژانە ئیشوكاری هاووڵاتیان ڕادەپەڕێنن، تا ئێستایش هەندێك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچەكە جێبەجێ كراون، ئەوانەی ماویشن ڕۆژانە كاریان لەسەر دەكەین، بۆ ئەوەی بتوانین لە ماوەیەكی كەمدا تەواوی خزمەتگوزارییەكان بۆ سنوونێ بگەڕێنینەوە و ناوچەكە بە تەواوەتی ئاوەدان بكەینەوە".
قایمقامی شنگال هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كرد كە، "وەك ئیدارەی ناوچەكە ئێستا لە هەوڵداین قایمقامییەت لە سنوونێ بكەینەوە و لەوێ ئیشوكاری هاووڵاتیان ڕابپەڕێنین تا شنگال بە تەواوەتی ئازاد دەكرێت".
ڕابین شێروانی




