ئەنجوومەنی راوێژكاری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق پێك هات.. داوا لە پارێزگای دهۆك و كەركووك دەكرێت بەشدار بن
بەغدا-KDP.info- ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ئەشواق جاف) رایدەگەینێت، ئەنجوومەنی راوێژكاری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق پیك هێنراوە كە، لە 21 كەس پێك دێن لە گشت پارێزگاكانی عێراق و تەنیا پێنج كورسییش بەتاڵن.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د.ئەشواق جاف) كە هاوكات ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤیشە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لە عێراق ئەنجوومەنی ڕاوێژكاری بۆ مافەكانی مرۆڤ پێك هێنرا كە لە نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ رێكخراوەكانی سڤیل لە 21 كەس پێك دێت و، لە مانگی شەش لە رێگەی هەڵبژاردنەوە لە 18 پارێزگای عێراق ئەنجام دراوە كە كورسییەك بۆ بەغدا زیاد كراوە لەگەڵ دوو كورسی بۆ كەمینەكان.
ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت، "كارەكانی ئەنجوومەنی ڕاوێژكاری بۆ مافی مرۆڤ وەكو پردێك دەبن لە نێوان شەقام و خەڵك و لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق پاڵپشتیان دەكەن بۆ ئەو بابەتانەی كە پێویستیان بە یاساییكردن هەیە و خزمەتی زیاتر بە مافی مرۆڤ دەكەن".
(د. ئەشواق جاف) ئاماژەیشی دا، "من پرسیاری ئەوەم كرد لەو 21 پارێزگایە گوێم لە پارێزگای دهۆك و بەسرە نەبوو و 5 كورسی دەستنیشان نەكراون لەو ئەنجوومەنە، وەڵامیشیان ئەوە بوو كە كورسیی كەركووك دانەنراوە، چونكە ئەنجوومەنی ئەو شارە خەریكی یارمەتیی مرۆڤایەتین بۆ ئاوارەكان، بۆیە هەڵبژاردنیان نەكردووە لە نێوان خۆیان و، كورسیی ئەنبار و مووسڵ و دیالە بە هۆی ئەوەی ڕەوشی ئەمنی لەم دووشارە خراپە دەستنیشان نەكراون، هەروەها كورسیی دهۆكیش بەتاڵە، رێكخراوەكانی ئەو شارە بە گرنگییەوە ناڕواننە ئەو ئەنجوومەنە و زۆربەیان نەهاتوونەتە تۆماركردن لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بۆیە ئەم پێنج كورسییە بەتاڵن".
گوتیشی، "داوا لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك و كەركووك دەكەم بەشدار بن و رۆڵی خۆیانی تێدا بگێڕن بۆ ئەوەی مافەكانیان نەفەوتێن و كەسێكی دیكە لە شوێنیان دانەنرێت".
نەشوان بەرزنجی




