٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە سەعدییە 500 خانوو تەقێندراونەتەوە.. 400 بۆمبیش پووچەڵ كراونەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

سەعدییە-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی سەعدییە دەڵێت، لە سەرەتای شەڕی داعشەوە تاوەكو ئێستا، لە شارەدێكەیان نزیكەی 500 خانوو تەقێندراونەتەوە و زیاتر لە 400 بۆمبیش پووچەڵ كراونەتەوە. ڕوونیشی دكاتەوە كە، تاوەكو ئێستا كەس نەگەڕاوەتەوە و بەرنامەیان بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و گەڕاندنەوەی دانیشتووانەكەی هەیە.

بەڕێوەبەری شارەدێی سەعدییە (ئەحمەد سامر زەرگوشی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە پاش ئازادكردنی سەعدییەوە تاوەكو ئێستا، زیاتر لە 400 بۆمب پووچەڵ كراونەتەوە كە، لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە لەناو خانووی هاووڵاتیان و شەقام و فەرمانگە و رێگا و زەوییە كشتوكاڵییەكانی ناوچەكە دانرابوون، پرۆسەكەیش تاوەكو ئێستا بەردەوامە و پێدەچێت بۆمبی دیكەیش لە ناوچەكەدا بوونیان هەبێت.

(ئەحمەد زەرگوشی) گوتیشی، لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە نزیكەی 500 خانووی هاووڵاَتیان و هەروەها ژمارەیەك فەرمانگە و بارەگای حیزبییش تەقێندراونەتەوە و سوتێندراون، ناوچەكەیش بە تەواوەتی وێران بووە.
ئەوەیشی خستە روو كە، تاوەكو ئێستا هیچ كەسێك نەگەڕاوەتەوە ناوچەكە و بەرنامەیان هەیە لە داهاتوودا كار بكەن بۆ ئەوەی ناوچەكە ئاوەدان بكەنەوە و خزمەتگوزارییەكان دابین بكەن بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی ناوچەكە بتوانن بگەڕێنەوە.

شارەدێی سەعدییە حاڵی حازر بە دەست چەكدارە شیعەكانەوەیە و بەپێی زانیارییەكان كە پێشتر لە سەرچاوە ئەمنییەكانەوە بە دەست هاتوون، ئەو چەكدارانە خانووی ئەوانەی گومانی پەیوەندیبوونیان بە داعشەوە هەبووە یان سوننەمەزهەب بوون، سووتاندەوە و تەقاندووەتەوە.
كاروان جاف

هەواڵی پەیوەندیدار