گۆڕەبەكۆمەڵەكانی شنگال هەڵدەدرێنەوە

هەولێر-KDP.info- هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی سەعدییە و جەلەولا تەواو بووە و بەم زووانەیش گۆڕەبەكۆمەڵەكانی شنگال هەڵدەدرێنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (فوئاد عوسمان)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، باس لەوە دەكرا كە ژمارەیەكی زۆری گۆڕی بەكۆمەڵ لە سنووری سەعدییە و جەلەولا هەن، بەڵام تەنیا چوار گۆڕ دۆزرانەوە و هەڵدراونەتەوە كە یەكێكیان لە تل سلێمە بوو و چوار ڕووفاتی تێدا بوو، ئەوەی دیكە لە كۆباشی بوو كە سێ ڕووفاتی تێدا بوو و ئەوەی دیكەیش 10ڕووفاتی تێدا بوو كە لە سەعدییە بوو و چوارەمیش لە سەربازگەی كوبرا بوو كە 23 ڕووفاتی تێدا بوو.
(فوئاد عوسمان) گوتیشی، "بڕیارە بەم زووانە تیمەكانی ئێمە سەردانی قەزای شنگال بكەن و گۆڕەبەكۆمەڵەكانی ئەوێ هەڵبدرێنەوە، بەڵام چاوەڕێی ئەوە دەكرێت ناوچەكە بە تەواوەتی ئازاد بكرێت، چونكە تەنیا لە گوندی كۆچۆ 400 كەس گوللەباران كراون و بە كۆمەڵ نێژراون.
(عوسمان) راشیگەیاند، لە ناوچە ئازادكراوەكانیشدا گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە و لە شوێنێك نۆ گۆڕ و لە شوێنێكی دیكەیش دوو گۆڕ دۆزراونەتەوە.
بڵند ئیبراهیم




