عەبدولسەمەد بڕۆ: تائێستا کۆبوونەوەکانی ھەردوو ئەنجوومەنی ڕۆژئاوا بێئەنجام بوون

ھەولێر _kdp.info_ سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی نێوان ھەردوو ئەنجوومەنی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەنجامی نەبوو، بەڵام پێشنیارێک دراوەتە تەڤدەم و، بڕیارە لە دوو ڕۆژی داھاتوودا، وەڵامی ئەنەکەسە بداتەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (عەبدولسەمەد خەلەف بڕۆ) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گفتوگۆکانی نێوان ھەردوو ئەنجوومەنی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و، ھەرکاتێکیش گفتوگۆکان کۆتایییان پێ ھات ئەنجامەکهی ئاشکرا دەکەین و، بڕیاریشمان داوە ھیچ لێدوانێک نەدەین تاوەکو کۆتایی بە گفتوگۆکان دێت."
لای خۆشیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکانی نێوان ھەردوو ئەنجوومەن، کە پێی باش نەبوو ناوی ببرێت، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێش چەند ڕۆژێک شاندێکی تەڤدەم سەردانی ھەولێری کرد بۆ ئەوەی فشار لەسەر ئەنەکەسە دروست بکەن بۆ ئەوەی ڕازی بێت بەوەی ئەو سێ پارتەی دەرکراون بگەڕێنەوە بۆ ناویان، بەڵام ڕازی نەبوون، ئەوە بوو پێش دوو ڕۆژە دوو شاندی ھەردوو ئەنجوومەن سەردانی ھەولێریان کرد و، تا دوێنێ ئێوارە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام بوو، بەڵام نەگەیشتنە ھیچ ئەنجامێک."
سەرچاوەکە گوتیشی، ئەنەکەسە سوورە لەسەر ئەوەی بە ھیچ شێوەیەک ڕازی نابێت ئەو سێ پارەتەی دەرکراون بگەڕێنەوە بۆ ناو ئەنەکەسە، بۆیە پێشنیار کراوە کە ئەو سێ پارتە سەر بە تەڤدەم بن و، لە پشکی خۆیان سێ ئەندامیان پێ بدەن و، ئەوانیش گفتوگۆ لەبارەی ئەو پێشنیارە دەکەن و، لە دوو ڕۆژی داھاتوودا وەڵامی ئەنەکەسە دەدەنەوە.
لەکاتی دەنگدانی بۆ ھەڵبژاردنی لێڤهگهری سیاسی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، سێ پارتی ناو ئەنەکەسە دەنگیان لە بەرژوەندیی تەڤدەم دابوو، بۆیە ئەوانیش ئەو سێ پارتەیان لە ناو خۆیان دەرکرد و، کێشە دروست بوو؛ دواتر لەسەر داوای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دوو شاندی ئەنجوومەنی ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی شاری ھەولێریان کرد و، ماوەی دوو ڕۆژ بوو گفتوگۆیان دەکرد بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرییەک لەبارەی کێشەکانی نێوانیان.
بڵند ئیبراھیم




