بە نووسراوێکی فەرمی، بڕیار دراوە کە دامودەزگا حکوومیەکانی شنگال دەستبەکار ببنەوە

شنگال_kdp.info_ سەرۆکی ئەنجوومەنی شارۆچکەی شنگال دەڵێت، بە نووسراوێکی فەرمی بڕیار دراوە کە دامودەزگا حکوومیەکانی شنگال دەستبەکار ببنەوە و، چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای حەفتە دادێ، دەوامی فەرمی دەست پێبکات.
(وەیس شنگالی) سەرۆکی ئەنجوومەنی شارۆچکەی شنگال، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارێزگای مووسڵ نووسراوی دەرکردووە و، بە فەرمی بڕیار دراوە بۆ ئەوەی دامودەزگاکانی سنووری شارۆچکەی شنگال دەستبەکار ببنەوە و، ئامادەکاری بکەن بۆ گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان؛ سەرهتا ئێمە لە شارەدێی سنوون دەوام دەکەین، تاوەکو ناوچەکە بە تەواوەتی ڕزگار دهکرێت."
سەرۆکی ئەنجومەنی شارۆچکەی شنگال گوتیشی ،چاوەڕوان دەکرێت سەرەتای حەفتەی دادێ، قایمقام و، سەرۆکی ئەنجوومەن و، شارەوانی و،دادگا و، پۆلیس دەست بە دەوامی فەرمیی خۆیان بکەنەوە و، ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن؛ ھەر پۆلیسێکیش ئامادە نەبێت دەوام بکات کەسێکی دیکە لە شوێنەکەی دادەنرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ئێستا ئێمە دەست بە دوامی فەرمی خۆمان بکەین، هانی خەڵکیش دەدا لە ئاوارەیی بگەڕێنەوە و بچنەوە سەر ماڵی خۆیان.
(وەیس شنگالی) ڕوونیشی کردەوە، ئێستا کار لە پڕۆژەکانی ئاو و کارەبا دەکرێت و، ئەمڕۆیش پڕۆژەی ئاو تەواو دەبێت و،کارەبایش کاری بەردەوامی تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی ئامادە بکرێت لە ناوخۆی شنگال، چونکە کارەبا بۆ ئێمە لە تەلەعفەر و مووسڵەوە دێت، بەڵام جارێ کارە ناوخۆییەکانی تەواو دەکەن.
بڵند ئیبراھیم




