٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لەندەن میوانداریی سەرکردەی (21) وڵاتی جیهان دەکات..بۆ بنەبڕکردنی داعشه‌

سەرچاوە: KDP.info

لەندەن -KDP.info-بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتیی بنەبڕکردنی داعش، ئەمڕۆ پێنج شەممە لەندەن میوانداریی سەرکردەی (21) وڵاتی جیهان دەکات.
بی‌‌‌‌بی‌سی لە هەواڵێکدا نووسیویەتی، کۆنفرانسەکە ڕۆژێک دەخایێنێت؛ جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و، فلیپ هامۆند وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کۆنفرانسەکە دەبەن بە ڕێوە. حەیدەرعەبادی سرۆك وه‌زیرانى عێراقیش دەچێت بۆ کۆنفرانسەکە.
لەو کۆنفرانسەدا باسی ئەوە دەکەن چۆن سەرچاوە داراییەکانی داعش وشک بکەن و، نەهێڵن داعش لەوە زیاتر پەل بهاوێ.
هەر لەو کۆنفرانسەدا لە هاوکاری زیاتری سەربازی و مرۆیی دەڕوانن، بە تایبەتی بۆ هێزە زەمینەییەکان.
هامۆند بە 'بی‌بی‌سی'ـی گوت: "شاڵاوەکەی فەرەنسا، سیاسییەکانی وڵاتی خستە خۆ، تا بە گوڕوتینێکی زیاترەوە شەڕی تیرۆریستان بکەن."
جۆن 'کێری'ـیش گوتی: تیرۆریستەکان دەیانەوێت ئێمە بەش‌بەش بکەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەنجامی پێچەوانەی هەبووە، ئەوەتا هەموومان یەکمان گرتووەتەوە."
جێی باسە عەبادی بەر لەوەی بکەوێتە رێ بۆ لەندەن، ستایشی هەوڵەکانی هاوپەیمانانی کرد لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، هەروەها داوای هاوکارییەکی زیاتری نێودەڵەتییشی کرد بۆ مەشقدادانی هێزە عێڕاقییەکان و دابینکردنی کەلوپەلی سەربازیی زیاتر بۆیان.

لە کۆنفرانسەکەی لەندەندا، ئەمریکا و، بەریتانیا و، ئوسترالیا و، بەلجیکا و، بەحرەین و، کەنەدا و، دانیمارک و، میسر و، فەرەنسا و، ئەڵمان و، عێراق و، ئیتالیا و، ئەردەن و، کوێت و، هۆڵەندا و، نەرویج و، قەتەر و، عەرەبستان و، ئیسپانیا و، تورکیا و ئیماراتی یەکگرتووی عارەبان بەشدار دەبن.

و/ خالید ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار