بەریتانیا: پێویستە پەیوەندیمان لەگەڵ کورددا خۆشتر بکەین

هەولێر-KDP.info- لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا، لە دانیشتنی ڕۆژی چوارشەممەدا، پێویستیی پشتگیری کوردستانیان لە ڕووی دیپلۆماسی و، هاوکاری سەربازی لە شەڕی داعشدا دووپات کردەوە.
پێگەى فەرمیى پەرلەمانی بەریتانیا، ڕاپۆرتی دانیشتنەکەی بڵاو کردووەتەوە؛ ڕیچارد ئۆتاوی سەرۆکی لیژنەکە گوتوویەتی: "هەرێمی کوردستانی عێراق ڕاستەقینەیە و، گەشەسەند و دیموکراتییه و، سەقامگیر و میانڕەۆیە، چواردەورێکی ناجێگیری هەیە، کوردستان بۆ ئێمە بایەخێکی گەورە و ستراتیژیی هەیە، سەنگەری بەردەم داعشن، زەخیرەى نەوت و گازێکی بایەخداریان هەیە، لە دوای ڕووداوە خراپەکانی پارەوە ئەوان لە مەترسیدان پێویستیان بە پشتیوانی هاوڕێکانیانە."
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "پێویستە ئێمە کاریگەرییەکانمان لەوێ بنیات بنێین، ڕاوێژكار و، بەڕێوەبەر و، بازرگانەکانمان بنێرینە ئەوێ، هەڵبەت ئێمەش پێویستیمان بە ڕاوێژ بە شارەزایانی ئەوان هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و، بۆ ئەو دۆخەی کە لە عێراق و سووریا دەگوزەرێ، هەروەها پێویستە دیپلۆماتەکانمان لەوێ زیاتر بکەین، کونسووڵخانەکەمان فراوانتر بکەین و لە ژوورێکی میوانخانەوە بیكهین بە باڵەخانەیەکی گونجاو."
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاوا له بارهی سەربەخۆیی کوردستانهوه گوتراوه: "سەربەخۆیی بۆ کوردان لە پاشەڕۆژی عێراقدا ئەگەرێکی بەهێزە، بەڵام جارێ پێویستە کورد و عەرەب پێکەوە بن هەتا داعش دەبەزێنن.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بەریتانیا وەکو هاوبەشێکی گرنگ و باش دەڕوانێتە کوردستان، بۆیە بە پێویستی زانی کە دەبێت کوردستان مامەڵەیەکی باشی لەگەڵ بکرێت لە ڕووی بازرگانی و، پەروەردەیی و، کەلتووری و، هەروەها بەرگری و، هەواڵگریشدا. ئەگەر بەریتانیا ئەو دەرفەتانەی کوردستان بە هەند وەرنەگرێت، ئەوا ئەوان ڕوودەکەنه جێگای تر بۆ پەیداکردنی یارمەتی.
ڕاپۆرتەکە دوپاتی کردەوە لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە لە ڕووی کەلوپەلی سەربازی و، مەشقدادانەوە. هەروەها بەپێویستی زانی کە بەریتانیا و هاوپەیمانان لە پشتگیریکردنی پێشمەرگەدا هەنگاوەکانیان بەرەبەرە زیاتر و خێراتر بکەن.
جێی باسە ڕاپۆرتەکە داواشی کرد کە ئەو پەرچە بیرۆکراتیەش لاببرێت، لێرە بە دواوە کار بکرێت بۆ کردنەوە و، پێشخستنی هێڵی ڕاستەوخۆی هەوایی بەریتانیا و هەولێر و، هانی بازرگانی فراوانتر بدرێت لە نێوان بەریتانیا و هەرێمی كوردستاندا.
و/ خالید ئەحمەد




