كۆبانی.. پێشمەرگە و شەڕڤانان پێشڕەوییان كرد.. گورزی كوشندە لە داعش درا

كۆبانی-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ گورزێكی كوشندەیان لە تیرۆریستانی داعش وەساندووە و؛ رێگای سەرەكیی كۆبانی بۆ حەلەب لە لایەن شەڕڤانان و هێزەكانی پێشمەرگەوە كۆنتڕۆڵ كرایەوە و 25 تیرۆریستی داعشیش كوژراون.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (موسڵەح زێباری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ شەڕڤانان و هێزەكانی پێشمەرگە توانییان هێرشێك بۆ سەر رێگای حەلەب بەرپا بكەن و لە ئەنجامدا توانرا ئەو رێگایە كۆنتڕۆڵ بكەینەوە و دواتریش 300 مەتر بەرەو پێشەوە بڕۆین لە رۆژئاوا و ئێستایش شەڕەكە بەردەوامە".
لە بارەی گرنگیی ئەو رێگایەیش (موسڵەح زێباری ) دەڵێت، "لە رووی كارگێڕی و سەربازییەوە ئەو رێگایە زۆر گرینگە وەكو گردی مشتەنوور و پشتیوانییش لە تیرۆریستانی داعش دەبڕێت كە لە دەرەوە لەو رێگەیەوە دەگەیشتە دەستیان، بۆیە لەو شوێنەوە دەتوانین زاڵ بین بەسەر جموجۆڵەكانی تیرۆریستانی داعش و هەوڵ دەدەین چەكی نوێ بگوازینەوە بۆ سەر گردی مشتەنوور بۆ ئەوەی لە گشت لایەك لە تیرۆریستانی داعش بدەین".
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی زیاتر گوتی، "فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانیش هاوكار بوون لە پێشڕەوییەكان و بۆردوومانی تیرۆریستانی داعش دەكەن بە بەردەوامی، لەئەنجامی ئەو هێرشەی ئەمڕۆیمان زیاتر لە 25 تیرۆریستی داعش كوژراون و لاشەی زۆری تیرۆریستانی داعش كەوتوونەتە دەستی شەڕڤانان و هێزەكانی پێشمەرگە، بۆیە دەتوانم بڵێم زەبرێكی كوشندەمان لێیان داوە".
نەشوان بەرزنجی




