باراک ئۆباما: بەردەوام دەبین لە شەڕی داعش

هەولێر-KDP.info- دەنگی ئەمەریکا بەشێک لە وتارەکەی باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمەریکای بڵاو کردەوە، کە لە میانی وتارە ساڵانەکەی خۆی لە کۆنگرێسدا پێشکەشی کردبوو.
ئۆباما جگە لە ستراتیژی کابینەکەی بۆ گەشەدان بە ئابووریی ئەمەریکا و، سیاسەتی ناوخۆیی، باسی ئاسایشی نیشتمانیی کرد و، گوتی: "ئێمە کارێکی زۆر باشمان کرد کاتێک دیبلۆماسیمان تێکەڵی هێزی سەربازی کرد، نابێت لە ترسان چاومان بنووقێنین و، دەرفەت لە کیس بدەین، دەبێت ژیرانە ڕووبەڕووی هەڕەشەکان ببینەوە.
سەبارەت بە داعش ئۆباما گوتی: سەرکردایەتیی ئەمەریکا لە هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان نەیهێشتووە داعش چیتر بەرەو پێشەوە بچێت؛ ئێستا هاپەیمانەتییەکی فراوانمان هەیە کە جیهانی عەرەبیش بەشدارن تێیدا، پێکەوە بەردەوام دەبین تا تیرۆریستان ڕیسوا دەکەین و لەناویان دەبەین.
ئۆباما داوای لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی کرد یەکگرتوو بن لەو پەیامەیاندا و، پێکەوە یاساییەکی نوێ دەربکەن کە ڕێگە بە بەکارهێنانی هێز بدات لە دژی داعش.
جێی باسە باراک ئۆباما لە وتەکەیدا سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و، قەیرانەکانی ئۆکراینیش بە سەرکەتوو زانی.
و/ خالید ئەحمەد




