محەمەد کەمال: مافی خۆمانە پۆستی سەرۆکی زانکۆ وەربگرین.. وای دەبینم پارێزگار بگۆڕێت
__2015_01_21_h10m16s36__ER.jpg)
کەرکووک -KDP.info- بەرپرسی لقی سێی پارتیی دیموکرای کوردستان ڕایگەیاند کە، پارتیی دیموکراتی کوردستان بە مافی خۆی دەزانێت لە کەرکووک پۆستی سەرۆکی زانکۆی ئەو شارە وەربگرێت، هەروا پێشبینش دەکات کە پارێزگاری کەرکووک بە خۆێدا بچێتەوە و لەمەودوا هەڵوێست و کارەکانی بۆ هەموو لایەک ئەرێنی بێت.
بەرپرسی لقی 3ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک (محەمەد کەمال) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پۆستی سەرۆکی زانکۆی کەرکووک لە دەستەڵاتی بەغدایە و، هەقی کوردە و مافی پارتییشە، لە دابەشکرنی پۆستەکانیشدا بەر ئێمە کەوتووە، چۆن دەیان پۆستی دیکەی کەرکووک هەن وەک پۆستەکانی پارێزگار و، شارەوانى و بەڕێوەبەری پۆلیس و، چەندانی دیکە، ئەم پۆستەش مافی ئێمەیە وەک پارتی کەچی تائێستا وەرمان نەگرتووە، لەکاتێکدا ئێمە لەگەڵ یەکێتی بە ڕێککەوتن پۆستی پارێزگارمان پێیان دا و، قەبووڵمان کرد (د. نەجمەدین کەریم) ببێت بە پارێزگار، بەو مەرجەی بەڕێوەبەری پۆلیس بە ئێمە بدرێت، بەڵام ئەو پۆستەیش بە ئیمە نەدراوە و، یەکێتی داوای کرد کە شەش مانگ وادەکەی درێژ بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی کە پارێزگار نوێیە و، بەڕێوەبەری پۆلیس ئەگەر نوێش بێت ئەوا بارودۆخەکە باش نابێت و، ئەمنیەت خراپ دەبێت، بەڵام وا بۆ چوار ساڵ دەچێت کەچی یەکێتی ئەو پۆستانەی زەوت کردوون و، تا ئێستایشی لەگەڵدا بێت بە ئێمەی نەداونەتەوە.
(محەمەد کەمال) گوتیشی: "پۆستی سەرۆکی زانکۆی کەرکووک هەقی پارتیی دیموکراتی کوردستانە و لە دەستی یەکێتیشدا نییە تا ئەوان بیدەن یان نەیدەن، ئەم پۆستە لە بەغدایە و، بە دکتۆرێکی شایستە و پرۆفیسۆر دەدرێت، هەروا زانکۆی کەرکووک، یەکێتی دروستی نەکردووە، پێش ئەوەی یەکێتی بێتە نێو کەرکووک خۆ زانکۆ هەر هەبووە، هەروا سەرۆکوەزیرانی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) پارەی تەرخان کرد بۆ نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی هۆڵ و چەندین شتی دیکەی زانکۆ، خۆ کەسی دیکە ئەو کارەی ئەنجام نەداوە و نەیکردووە، تا خۆی بکات بە خاوەنی زانکۆی کەرکووک.
دەربارەی گشت ئەو پۆستانەی کە یەکێتی لە کەرکووک بەدەستییەوەیەتی (محەمەد کەمال) ئاماژەی کرد کە "یەکێتیی پۆستی پارێزگار و شارەوانی و بەڕێوەبەری پۆلیس و کۆمەڵێک پۆستی دیکەی بە دەستەوەن، کە زۆربەی زۆری فەرمانگە و، بەڕێوەبەرایەتییەکان بەدەستی ئەوانن، بۆیە مافی ئێمەشە وەک پارتی کە پۆستمان هەبێت ئەگەر چی مافی ئیمە وەک پشکی ئیداری زۆر لەوە زیاترە کە لەکەرکووک بەدەستمانەوەن، بەڵام پۆستی سەرۆکی زانکۆی کەرکووک بەلای ئێمەوە گرینگە و بە مافی خۆمانی دەزانین.
(محەمەد کەمال) گوتیشی: "ئێمە داوای پۆستی سەرۆکی زانکۆی کەرکووک لە یەکێتیی ناکەین، چونکە یەکێتیی خاوەنی ئەو پۆستە نییە، بەڵام پۆستەکانی دیکەی پارێزگای کەرکووک لە دەستی پارێزگارە کە بە داخەوە ڕۆڵێکی باش ناگێرێت و، نەیتوانیووە پارێزگاری هەمووان بێت، نەیتوانیوە پارێزگاری پارتی و تورکمان و عەرەب بێت، نەک تەنیا پارێزگاری لایەنێک و پارێزگاری بەرژەوەندییەکی تایبەت بێت، دهبوایه پارێزگاری هەمووان بووایە ئومێدیشمان وایە ببێتەوە به پارێزگاری هەمووان و، چاوەڕوانی ئەوەیین، چونکە پرسەکەمان لەوە گەورەترە لەسەر پۆستێک و فەرمانگەیەک و نووسینگەیەک شەڕە پەرۆ بکەین.
لەبارەی ئەو بەرگەگرتنەی پارتیی دیموکراتی کوردستان کە لەپێناو بەرژەوەندی کوردایەتی و نیشتمانی لە کەرکووک هەیەتی کە بەو هۆیەوە لە چەندین پۆستی ئیداری ئەو شارەدا پەراوێزخراوە، (محەمەد کەمال) گوتیشى، "وای بۆ دەچم کە پارێزگاری کەرکووک بە کار و کردەوەکانیدا دەچێتەوە و، دەیشبێت بە پارێزگاری هەمووان و، بارۆدۆخەکە بە ئەرێنێ دەگۆڕێت، ئێمە دەبێ ئەوە بزانین کە نێوانی ئیمە و داعش لە کەرکووک تەنیا 15 کیلۆمەترە، بۆیە دەبێ لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمان و کوردایەتیدا، بەرگەی زۆر شت بگرین.




