داڤۆس، کۆڕبەندە ئابوورییەکەی جیهان لە سویسرا

هەولێر- KDP.INFO تەلگرافی بەریتانیا، سەبارەت بە کۆڕبەندەکەی داڤۆس، نووسیویەتی کارێکی بایەخدار و باشە، کە سیاسییەکان و ئابووریناسانی جیهان، لە کۆڕبەندە ئابوورییەکەی جیهاندا، دیسان کۆ دەبنەوە و، گیروگرفتەکان شی دەکەنەوە، هەڵبەت لەبەر دۆخەکە، ئەوەی ئەمساڵ جیاوازترە لە جاران، کۆڕبەندەکەی ساڵان بەبێ باسوخواسی داعش بوو، مەترسیی تیرۆر و، بڵاوبوونەوەی بیری توندڕەوی بە تایبەتی لە ئەورووپا وەکو ئێستا نەبوو، نرخی نەوتیش دوو ئەوەندەی ئێستا بوو، جا بۆیە بایەخی ئەم کۆڕبەندەی ئەمساڵ زیاترە.
کێین ئەوانەی لە (داڤۆس)ـەکەی ئەمساڵدا بەشدارن:
لە کۆڕبەندەکەی ئەمساڵدا 2500 کەس لە نەوەد وڵاتی جیهانەوە ئامادە دەبن؛ چلیان یان سەرۆکن یان سەرکردە. هەروەها (1500) سەرکردە و بەڕێوەبەری بازرگانی کە (146)ـیان گەنجن و، یانزە سەرکردەی ئایین و، (300) کەسایەتی گشتییش بەشدار دەبن و، 17%ـی بەشداربووانیش ئافرەتن. ئەو کۆڕبەندە (280) کۆڕ و کۆبونەوە لە خۆ دەگرێت، کە 100 یان ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێنەوە.
جێی باسە ئەو کۆڕبەندە ئەمڕۆ 21/1 دەست پێدەکات و، سێ ڕۆژ دەخایەنێت. لە دیارترین کەسایەتییەکانی بەشداربووی کۆڕبەندەکە، ئەمڕۆ (تۆنی بلێر) سەروەزیری جارانی بەریتانیا سەعات (11.30 تا 1) کۆڕێک لەسەر ئایین دەبەسێت، هەر لەو کۆڕبەندەدا ئەنگڵا مێركڵ ڕۆژی پێنجشەممە کۆڕێک بە ناوی بەرپرسیاریەتیی جیهانی دەبەسێت، لە ئاخر ڕۆژیشدا شا عەبدوڵڵای ئەردەن بە کۆڕێک بەشدار دەبێت بە ناوی ئاشتی لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاستدا.
و/ خالید ئەحمەد




