ئەمساڵ زیاتر لە نۆهەزار كەس لە هەرێمی كوردستان دادەمەزرێن

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، لە كۆیی 55 هەزار پلەی وەزیفی كە بڕیار وایە ئەمساڵ لە عێراق دابمەزرێن، پلەكانی هەرێمی كوردستان لە 2411 پلەی وەزیفی بۆ زیاتر لە 9هەزار پلە بەرز كراونەتەوە، ئەوەیش لە دوای ئەوەی دێت كە بۆ هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ زیاتر لە 40هەزار پلە دیاری كراون، لەو دوو وەزارەتە كورد بەشی خۆی دەبێت، هەروەها ڕوونیشی دەكاتەوە، بەیانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر بوودجە كۆدەبێتەوە و دواین ڕاپۆرتی دارایی پێشكەش دەكرێت.
(نەجیبە نەجیب) ئەندامی لیژنەی دارای لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە كۆیی 55هەزار پلەی وەزیفی كە بڕیار وایە لەسەر بوودجەی 2015 لە عێراق دابمەزرێن، زیاتر لە 9هەزار پلەی وەزیفی بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە، ئەویش چۆن كە تەنیا بۆ وەزارەتی بەرگری زیاتر لە 25هەزار پلە و بۆ وەزارەتی ناوخۆ 15هەزار پلە دیاری كراون، لەو ڕێژەیە بە پێی ئەو ڕێكەوتنەی لە نێوان هەولێر و بەغدا كراوە، دامەزراندن لەو دوو وەزارەتە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، بۆیە پلەكانی وەزیفی هەرێم لە 2411 پلە بۆ زیاتر لە 9هەزار پلە بەرز دەبنەوە."
(نەجیبە) ڕوونیشی كردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەرج نییە ئەو پلانەی بۆ لە بەغدا دیاری بكرێن، ئەوەندە دابمەزرێنێت، بەڵكو بە پێی پێویستی وەزارەتەكانی هەرێم دەتوانێت پلەكانی وەزیفی دیاری بكات، بۆ نموونە لە دوو ساڵی ڕابردوو لە عێراق دامەزراندن نەبووە، كەچی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندن هەبووە، بۆیە هەرێم دەتوانێت زیاتر لەوانەی بۆ دیاری كراون دەرچووان ئەمساڵ دابمەزرێنێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەیش كرد، بەیانی ئەنجوومەنی نوێنەران كۆ دەبێتەوە و دوایین ڕاپۆرتی دارایی دەخوێندرێتەوە، بۆ ئەوەی هەرچی زووە بوودجەی 2015ـی عێراق پەسەند بكرێت، ئەگەر بەیانی بوودجە پەسەند نەكرێت، حەفتەی دادێ 100% پەسەند دەكرێت.
ڕابین شێروانی




