سمێڵ: دوو سەعاتە لەنێو شنگال گورز لە داعش دەوەشێنین..15 تیرۆریست کوژراون

شنگال-KDP.info-فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە نێو شنگال، (قاسم سمێڵ) رایگەیاند کە، 2 سەعاتە لەنێو شنگال گورز لە تیرۆریستانی داعش دەوەشێنین و شەڕ بەردەوامی هەیە. تا ئامادەکردنی ئەو ریپۆرتەیش (سمێڵ) پێی راگەیاندین کە، تیرۆریستان 15 کوژراویان هەن.
فەرماندەی پێشمەرگە لەناو شنگال ( قاسم سمێڵ) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: بۆ ماوەی 2 سەعاتە شەڕ و پێكدادان لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و چەكدارانی داعش لەنێو شنگال دەستی پێ كردووە و گورز لە داعش دەوەشێنین، شەڕ بەردەوامە و هێزەكانی پێشمەرگە لە پێشڕەویدان و 3 گەڕەك بە تەواوەتی لە تیرۆرستا پاك كراونەتەوە.
(سمێڵ) ئاشكرایشی كرد، هەندێ جار چەكدارانی داعش بۆ ئەوەی بڵێن ئێمەیش لەناوچەكە هەین، دێنە پێشەوە و شەڕی پێشمەرگە دەكەن، بەڵام تا ئێستا نەیان توانیوە یەك بست بێنە پێشەوە، بەڵكە هەر كاتێك شەڕیان كردبێ، شەڕەكە بەسەریاندا شكاوەتەوە و زیانێكی زۆری گیانی و ماددیان بەركەوتوون، تا ئێستا 15 داعش كوژراون و ژمارەیەكیش بریندار بوون.
ئەو فەرماندەی پێشمەرگە لەنێو شنگال دەشڵێت، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بەردەوام لە ناوچەكە مۆڵگە و بارەگەكانی داعش بوردومان دەكەن.
ڕابین شێروانی




