لە شنگال و ساڵحیە 23 داعش کوژراون

مووسڵ-KDP.info-بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئاشکرایکرد کە، ئەمرۆ لە شنگال تەرمی 12 تیرۆرستی داعش كە بە دەستی پێشمەرگە قارەمانەكان كوژرابوون، گەیەندراوەتەوە شاری مووسڵ، هەروا لە گوندی (ساڵحیە) لە هێرشێكی خۆكوژیدا تیرۆرستانی داعش (11)كەسیان لێ كوژراون.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای مووسڵ (سەعید مەموزینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، لەئەنجامی شەڕ و پێكدادانەكانی ئەمڕۆی شنگال تا ئێستا تەرمی 12 تیرۆرستی داعش كە بەدەستی پێشمەرگە قارەمانەكان كوژرابوون گەیەندراوەتەوە شاری مووسڵ، هەروا لە لایەكی دیکەوە لە گوندی (ساڵحیە) هێرشێكی تیرۆرستانی داعش تێك شكێنراوە كە ئامانجیانبووە پەلاماری هێزەكانی پێشمەرگە بدەن، سەرەتا شۆفەڵێك هێرشی كردووە مەبەستی بووە خۆی بەهێزی پێشمەرگەدا بتەقێنێتەوە، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەكان توانیویان بە باشی بیپێكن تێكی بشكێنن، دواتر سێ ئۆتۆمبیلی جۆری هەمەر هێرشیان كردووە و فڕۆكە جەنگیەكان لێیان داون و سوتێندراون، لەم هێرشەدا تیرۆرستانی داعش (11)كەسیان لێ كوژراون.
(سەعید مەموزینی) گوتی: لەبریاریكی نوێی رێكخراوی تیرۆرستی داعشدا دەبێت هەموو كەسێك پەیوەندی بە سوپای داعشەوە بكات، تیرۆرستانی داعش بەشێوەیەكی زۆرەملێ هاووڵاتیان ناچار بە چوونە ریزی چەکدارانیان دەکەن، رەچاوی تەمەن ناکەن و تەنانەت منداڵەکانیش دەبەن بۆ بەرەی جەنگەوە.
(مەموزینی) رونیشی كردەوە، تیرۆرستانی داعش ماڵی ئەو هاووڵاتیانەی كە شاری مووسڵیان جێهێشتووە و لە ئاوارەیی دەژین داگیركردووە، خانوەكانیان بەكرێدەدەن و كەلوپەلەكەشیان دەفرۆشن و هەموو داهاتەكەش بۆ خۆیان دەبێت.
هەروەها گوتیشی: سێ تیرۆرست هەوڵیاندابوو خانووێك بتەقێننەوە لەگوندی (خاتووزین) لەنزیك حەمدانیە، بەڵام بۆمبەكە لەدەستی تیرۆرستاندا تەقیەوەتەوە و هەرسێكیان مردوون.
سەرباز واحد




