کۆبانی..پێشمەرگە چەکی نوێی پێگەیشتووە..ئیدی داعش مەترسی نابێت
کۆبانی-KDP.info- فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی عەمید (موسڵەح زێباری) رایگەیاند کە، چەکی نوێیان بە دەست گەیشتووە..جەختیشی کرد کە، دوای ئەوەی گردی مشتەنوورییان کۆنتڕۆڵ کردەوە، ئیدی مەترسی داعش نامێنێت و هاوەنەکانی داعش ناگەن.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی عەمید (موسڵەح زێباری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند:"شەوی رابردوو چەکدارانی داعش دوو جار ھێرشیان کردە سەر گردی مشتەنوور بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی بکەنەوە، چونکە شوێنێکی زۆر ستراتیژی یە لە ڕووی سەربازیەوە و ھەمووجار لەوشوێنەوە کۆبانێیان بۆردوومان دەکرد، بەڵام لەمەو دوا ناتوانن ئێمە بۆردوومان بکەن، چونکە ھاونەکانی ئەوان ناگەن بە ئێمە و خەڵکیش بەئاسایی ھاتووچۆ دەکات.
عەمید (موسڵەح زێباری) گوتیشی، لەھێرشەکانی شەوی رابردوودا ھەشت چەکداری داعش کوژران وسێ تەرمیان کەوتنە دەست ئێمە و برێکی زۆری چەک و تەقەمەنیشیان کەوتۆتە دەست ئێمە کە نزیکەی 12جۆری چەکە.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەش لەکۆبانی راشیگەیاند، لە ئێستادا لە کۆی 13گەڕەک تەنھا سێ گەڕەک و نیو لەدەست داعش دایە ئەوەی دیکە ھەموو لەدەست ھێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان دایە.
عەمید(موسڵەح زێباری) رونیشی کردەوە، چەکی نوێمان بەدەست گەیشتووە، بۆیە رەنگە لەماوەی داھاتوودا مژدەی خۆش بەگەلی کورد بدەین.
ئەوەشی خستەڕوو،ئەمڕۆ رەوشی کۆبانێ ئارامە وھیچ شەرێک روینەداوە.
بڵندئیبراھیم




