٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شەشۆ: پێوەست بە شنگال و ئەو ناوچانەی پێشمەرگە کۆنتڕۆڵی کردوون زانیاری راگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info-فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال (قاسم شەشۆ) رایگەیاند کە، هەموو ناوچە ستراتیژیەكان و بەشی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای شنگال لە دەست هێزەكانی پێشمەرگەدایە و؛ ئەو قسانەیش لە راستییەوە دوورن كە باس دەکرێت داعش هێزی لە سوریاوە بۆ شنگال هیناوە.
فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال ( قاسم شەشۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، ئامادەکاری باش کراوە بۆ ئەوەی شنگال بە تەواوەتی ئازاد بکرێت، لەچەند رۆژی داهاتوودا پلانەکە جێبەجێ دەکرێت و ناوچەکە بە تەواوەتی ئازاد دەکرێت.
(شەشۆ) دەشڵێت، هەموو بەرزاییەكان و ناوچە ستراتیژییەكانی شنگال و هەر دوو بەشی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئەو شارە لە دەست هێزەكانی پێشمەرگە دایە، لە هەر كات و ساتێكدا لە سەرووی خۆمان فەرمانمان پێبكرێت، لە ماوەیەكی كەمدا ناوچەكە ئازاد دەكەین.
ئەو فەرماندەی پێشمەرگە ئاماژەیشی كرد، ئەو قسانە لە ڕاستییەوە دوورن كە باس دەکرێت چەكدارانی داعش ژمارەیەكی زۆری تیرۆریستانیان  لە سووریاوە بۆ شنگال هێناون، بەپێچەوانەوە داعش لە شنگال لە جموجۆڵ کەوتوون، ورەیان بە جارێ رووخاوە و ناتوانن بەرانبەر هێزی پێشمەرگە خۆیان بگرن، لەکاتی هەر هێرشێکیشیاندا کەسیان بە زیندووی ناگەڕێنەوە شوێنەکانیان، چونکە پێشمەرگە گورزی گەورەیان لێ دەوەشێنێت.
ڕابین شێروانی  

هەواڵی پەیوەندیدار