پارتی لە حکوومەتی خۆجێی سلێمانی بەشدار دەبێت..کۆبوونەوەکە بە ئەرێنی کۆتایی هات

هەولێر-KDP.info-ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بڕیارمان داوە بەشداری لە حکوومەتی خۆجێی سلێمانی بکەین و بزووتنەوەی گۆران و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ھەندێک پێشنیاریان بە ئێمە داوە و تێبینیمان لەسەر ھەندێک لەخاڵەکان ھەیە، بۆیە بڕیارە لەچەند رۆژی داھاتوودا وڵامیان بدەینەوە.
ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتیی دیموکراتی کوردستان (ئەکرەم ساڵح) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند:"ئەمڕۆ شاندی ھاوبەشی بزوتنەوەی گۆران و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەردانی ئێمەیان کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا ھەندێک پێشنیارین خستەر بەردەم ئێمە و ئەو پێشنیارانە بەشێک لە داخوازیەکانی ئێمەی تێدابو و بەشێکی تێدا نەبوو، بۆیە بڕیاردراوە کە تا چەند رۆژی دیکە وەڵامی ئەوان بدەینەوە.
(ئەکرەم ساڵح)گوتیشی، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو ئێمە بڕیارمان داوە کە بەشداری لە حکوومەتی خۆجێی سلێمانی بکەین.
ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتیی دیموکراتی کوردستان رونیشی کردەوە، ئێمە بەپێی ئیستحقاقی خۆمان بەشداری دەکەین و پێشنیارەکانیان ئیجابی بوون، بەڵام لەئاست خواستی ئێمە نەبوون و ھەندێک تێبینیمان لەسەری ھەبوو.
(ئەکرەم ساڵح) راشیگەیاند: ئێمەیش ئەو خاڵانەی تێبینیمان لەسەر ھەیە تاوتوێی دەکەین و پێشنیاری خۆمان ئاراستەی ئەوان دەکەین و وڵامیان دەدەینەوە.
(ساڵح)وتیشی، ھەر لەکۆبوونەوەکەدا رای ئێمە ئەوە بوو کە ھەڵەبجە بەو شێوەیە بێت کە پێشتر رێککەوتنی لەسەر کراوە لە لایەن لایەنە سیاسیەکانی ھەڵەبجە.
لای خۆیشیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (زیاد کاکە رەزا)بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ئێمە بەشداری لە حکوومەتی خۆجێی سلێمانی دەکەین و کۆبوونەوەی ئەمڕۆش ئیجابی و سەرکەوتوو بوو، چەند پۆستێکیان خستۆتە بەردەم ئێمە و لەدوو رۆژی داھاتوودا وڵامی ئەوان دەدەینەوە.
رونیشی کردەوە، ئێمە گفتوگۆ لەبارەی پارێزگای ھەڵەبجە ناکەین و لایەنەکان لەوێ خۆیان رێککەوتن دەکەن و ئامادەنین لەو بارەیەوە گفتوگۆ بکەین.
بڵند ئیبراھیم




