٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هێمن هەورامی: داعش پەتاییەكی نامۆ نییە، زامێكە لە شكستی وڵاتانی ناوچەكەوە تەشەنەی كردووە

سەرچاوە: KDP.info

(هێمن هەورامی) لە ئیستانبول لە میانی بەشداری كۆنگرەی ساڵانەی فیكری و سیاسی رایگەیاند کە، داعش پەتاییەكی نامۆ نییە، زامێكە لە شكستی وڵاتانی ناوچەكەوە تەشەنەی كردووە.

رۆژی 19/1/2015 لە شاری ئیستانبوڵ، لە لایەن دامەزاوەی (ستراتتیم)-ەوە كۆنگرەی ساڵانەی فیكری و سیاسی ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو، ئەم كۆنگرەیە ساڵانە لە سەر پرسە هەنووكەیەكان بە ئامادەبوونی شارەزا و پسپۆرانی جیهان دەبەسترێت. (هێمن هەورامی) ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پ د ك، لە لایەنە دەستەی سەرۆكایەتی بەڕێوەبردنی كۆنگرە بە بانگهێشتی فەرمی داوەتکرابوو و بەشداری کرد. كۆنگرەكە لە چەند پەناڵێك پێك هاتبوو، سەرهەڵدانی داعش و ئەو گۆڕانكارییەی بەهۆی پەلامارەكانی داعشەوە نەخشەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستی خستۆتە ژێر پرسیارەوە و چۆنییەتی رووبەرووبوونەوەی كورد و پێگەی كورد لە ناوهاوكێشەكەدا و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، لە چواچێوەی سیمیناریكدا لە لایەن هێمن هەورامییەوە بە زمانی ئینگلیزی لە ژێرناونیشانی (روانگەی كورد و ئاییندەی شەڕی داعش) بۆ ئامادەبوانی كۆنگرەكە خرایە روو. (هەورامی) لە سەرەتادا باسی لە چۆنییەتی سەرهەڵدانی داعشی و تەشەنەكردنی فكری دینی و بەرژەوەندی سیاسی كرد، هەورامی پێیوابوو داعش پەتاییەكی نامۆ نەبوو لە ناوچەكەدا، بەڵكو زامێك بوو بە جەستەی وڵاتانی ناوچەكە و حكومڕانی كردنیان  تەشەنەیكردوو و داعش توانی بیقۆزیتەوە، ئەمەش لە نەبوونی ئازادی و دیموكراسی و بوونی حكومڕانی خراب و  شەڕی مەزهەبی و چارەسەرنەكردنی دۆزی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بووە، (هەورامی) پێی وابوو گەر ئەم كێشانە بە چارەسەر نەگەن كێرڤی داعش لە بەرز بوونەوەدایە و چارەسەر كردنوو سڕینەوەی داعش ئەستەم دەبێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی كە بەشداری كۆنگرەكەی كردبوو رایگەیاند: هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاكە هێزی ئەرزییە بە سەركەوتووانە رووبەرووی داعش دەبێتەوە و توانیوییەتی هەرێمی كوردستان بكاتە هێڵی سوور بۆ پێشڕەوییەكانی داعش، هەروەها هەرێمی كوردستان ئەوەی بۆ جیهان سەلماند گەلی كورد و كوردستان لە ناوچەكەدا تاكە لانكەی پێكەوە ژیاری ئاینی و ئیتنیە و باشترین پەناگە بووە بۆ ئاوارەكانی شەڕی داعش. هەورامی ستراتیژییەتی كوردی بۆ ئامادەبوان روون كردەوە و رایگەیاند: سیاسەتی ئێمە پشتیوانی كردنی هەر لایەنێكە دژی داعش بجەنگێت و هاوكاریمان بكات لە رووبەرووبوونەوەی داعش، ئەمەش تەنها لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندا نیە، بەڵكو هەموو جیهان دەبێت لە كوردستانەوە كۆتایی بە داعش و ئەو تاریكاییە بێنێت كە جیهانی هەژاندووە. لەم پەناڵەدا و دوای تەواو بوونی قسەكانی هەورامی لە لایەن چەندین میدیاكاری توركی و باڵوێزی وڵاتانی ئامادەبوو و چەندین كەسایەتی دیپلۆماسی یەكیەتی ئەورووپا و وڵاتانی بەشدار بوو، گفتوگۆییەكی چڕ وپڕی لێكەوتەوە، هەورامیش وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەی ئامادەبوانی دایەوە كە لە سەر روانگەی كورد و ناوچەكە ئاڕاستەی كرابوون.
سەنگەر هەورامی
 
 

هەواڵی پەیوەندیدار