سیاسەتەكانی مالیكی وای كرد كە بۆشاییەکی زۆر گەورە لە ناوچە سوننییەكاندا دروست ببێت

بەغدا -KDP.info- جێگری سەرۆكی لێژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی شاری مووسڵ دەڵێت، سیاسەتەكانی مالیكی وای كرد كە بۆشاییەکی زۆر گەورە لە ناوچە سوننییەكاندا دروست ببێت، بۆیە داعش بەو ئاسانییە توانیی لە چاوتروكانێكدا بەشێكی زۆر لە شارە سوننییەكانی عێراق داگیر بكات.
شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرلێژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی شاری مووسڵ لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ڕادەستكردنی هەموو دەسەڵاتەكانی شاری مووسڵ بە پێكهاتەی شیعە و، سوپای عێراقی بووبوو بە سوپایەكی شیعی لە ناوچە سوننییەكان، بۆیە سونەكان هەستیان كرد كە نەوەك تەنها لە دەسەڵاتەكانی عێرق بێبەش كراون، بەڵكو خەریكە لە شارەكانی خۆیشیاندا دەسەڵاتیان نامێنی و دەردەكرێن، سیاسەتەكانی مالیكی وای كرد كە بۆشاییەکی زۆرگەورە لەناوچە سونەیەكا دروست بێت لە هەموو روێكەوە، بۆیە داعش بەو ئاسانییە توانیی بەشێكی زۆر لە شارە سوننییەكانی عێراق بە چاوتروكانێك داگیر بكات."
شاخەوان عەبدوڵڵا ڕوونیشی كردەوە: "عێراقییەكان داعشیان قەبووڵ نییە و، گروپ و تاقمێكی پێشوازیكەریش نییە كە داعشی هێنابێتە نێو خاكی عێراقەوە، بەڵكو سیاسەتەكانی نووری مالیكی بوو پێكهاتەیەكی گرنگی عێراق كە سونەكانن لاواز دەكرد و، بێبەشی كردبوون لە دەسەڵات لە ناوچەكانی خۆیان و كایە گرنگەكانی دەسەڵاتی عێراق، كە بێبەشكردنەكانیان گەیشتبووە ئەو ئاستەی ئەفسەری شیعە لە باشووری عێراقەوە هێنرابووە شاری مووسڵ."
شاخەوان عەبدوڵڵا، پەیوەست بە كاری لیژنەكەیان دەڵێت: "لێژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی شاری مووسڵ لە پەرلەمانی عێراق لە (26) ئەندام و سەرلیژنەیەک و جیگرەكەی پێك هاتووە و، دەستمان بە كار كردووە، ڕۆژی پێنجشەمە قائیدی فیرقە و سەرۆكی ئەركانی فیرقەی دوو و، معاونەكان و، ئەو ئەفسەرانەی كە بەرپرسیاریەتییان هەبووە بانگ دەكرێن بۆ لێكۆڵینەوە."
سەرباز واحد




