ھێزی پێشمەرگە گورزێکی کوشندەیان لە داعش وەشاند.

کەرکووک_kdp.info_ دوێنێشەو ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک ــ دوبز گورزێکی کوشندەیان لە داعش وەشاند و، زیانی زۆریشیان پێ گەیاندن.
بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک_دوبز دکتۆر(کەمال کەرکووکی) بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێشەو چەکدارانی داعش لە میحوەرەکەماندا جموجۆڵیان ھەبوو، بەڵام ھێزی پێشمەرگە بە چڕی بۆردوومانی کردن و، زیانی زۆری پێ گەیاندن و، بێدەنگی کردنەوە."
دکتۆر کەمال کەرکووکی، گوتیشی، ھێزی پێشمەرگە مۆڵگەکانی داعشی کوتاوە و، کۆمەڵێکی لێ کوشت و بڕ کردوونە، بەڵام جارێ دیار نییە چەندیان لێ کوژراوە و بەریندار بووە. جگە لەوە دوو ئۆتۆمبێلیشمان لێ سووتاندن."
بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک ــ دوبز ڕوونیشی کردەوە، ھێز بۆ داعش لە ڕیازەوە ھاتبوو، خۆیان ئامادە کردبوو بۆ ھێرش، بەڵام ھێزی پێشمەرگە ڕێگەی نەدا پلانەکەیان سەر بگریت و، تێکی شکاندن.
بڵند ئیبراھیم




