پارتی لەگەڵ ئەوەدا نییە پۆستەکانی هەڵەبجە تێکەڵ بە سلێمانی بکرێ

سلێمانی_kdp.info_دوێنێ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی کۆ بوونەوە و، بڕیاریان دا کە سەردانی لایەنەکانی دیکە بکەن و، بەشداری لە حکوومەتە خۆجێییەکەی سلێمانیدا بکەن. سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەلێت، ئێمە داواکاریەکانی خۆمان ئامادەکردووە، کە سەردانیان کردین، ئینجا دەخەینە ڕوو؛ هەرچۆنێک بێ، لەگەڵ ئەوەدا نین پۆستەکانی هەڵەبجە تێکەڵ بە سلێمانی بکرێن.
زیاد کاکەڕەزا، سەرلیستی پارتی یموکراتی کوردستان و، ئەندامی شاندی دانوستانکەری پارتی لە سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سنووری ئێمە فراوانە، وەکو چوار پارێزگا وایە؛ سلێمانی و، هەڵەبجە و، ڕاپەرین و، گەرمیان، بۆیە پێویستە بەپێی هەقی خۆمان، پۆستمان پێ بدرێت؛ ھەرکاتێکیش شاندی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و، بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی ئێمە بکەن، ڕیزی داواکارییەکانمان ئامادەیە و، دەیخەینە ڕوو."
زیاد کاکەڕەزا، گوتیشی: "ئێمە نامانەوێت پۆستەکانی هەڵەبجە، تێکەڵ بە سلێمانی بکرێت، چونکە لەوێ ڕێککەوتنی سیاسی کراوە و، پێویست ناکات تێکەڵ بە سلێمانی بکرێت؛ لەوێ پۆستەکان دابەش کراون و، یەکلایی کراونەتەوە."
کاکەڕەزا، ئامادە نەبوو داواکارییەکان بدرکێنێت و، گوتی: "ھەرکاتێک شاندێ ھەردوو لایەنەکە سەردانیان کردین، ئەوکات ئاشکرای دەکەین."
بڵند ئیبراھیم




