ئەبوبەکر بەغدادی لە داخی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە بە توڕەییەوە مووسڵی جێ هێشت

مووسڵ-KDP.info-کاتژمێر چواری بەیانی ئەمڕۆ خەلیفەی تیرۆریستان (ئەبوبەکر بەغدادی) مووسڵی جێهێشتووە و بەرە و رەققەی مووسڵ رایکردووە..بەرپرسێکی ئاگاداریش دەڵێ، خەلیفەی تیرۆریستان بە توڕەییەوە مووسڵی جێهێشت، چونکە داعش لە گشت قۆڵەکانەوە لەسەر دەستی پێشمەرگە شکستی برد.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتوون، ئەمڕۆ بەیانی کاتژمێر چوار خەلیفەی تیرۆریستانی داعش (ئەبوبەکر بەغدادی) بە توڕەییەوە مووسڵی جێهێشتوو و، بەرە و سوریا رایکرد.
(مەموزینی) ئاشکرایکرد کە، خەلیفەی تیرۆریستان بە ئۆتۆمبێلێکی تاکسی کۆن و یەک پاسەوانی لەگەڵ خۆی بردووە و بەرەو شاری رەققەی سوریا بەرێ کەوتووە.
ئەو بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ، دەشڵێت، خەلیفەی تیرۆریستان بەر لەوەی مووسڵ جێبێڵێ، 35 گەنج و 56 پلەداری داعشی لە مووسڵ گوللە باران کردوون، تا گەیشتووەتە نێوخاکی سوریا تەنیا یەک پاسەوانی لەگەڵ بووە، بەڵام بە درێژایی رێگاکە پاسەوانی بۆ دانرابوون، ئەوەیش تاکتیکێک بووە بۆ ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکان نەیبێنن و هەستی پێ نەکەن.
هەروا راشیگەیاند کە، خەلیفەکەی تیرۆریستان لەداخی ئەو شکستانەی کە داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە تووشی بوون، توڕەبووە و رایکردووە، چونکە لەگشت قۆڵەکانەوە پێشمەرگە شکستی بە داعش برد.
نەشوان بەرزنجی




