٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تا ئێستا زیاتر لە 400 كوردی ئێزدی ئازاد كراون.. پتر لە 4 هەزاری دیكە بێسەروشوێنن

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info- كەسایەتیی كوردی ئێزدی (مەحما خەلیل) لە شنگال دەڵێت، "لە كاتی داگیركردنی شنگال و دەوروبەری 4 هەزار و 600 هاووڵاتیی ئێزدی كەوتنە دەست داعش و دیار نەماون، دوای ئەوەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا 196 هاووڵاتی لە دەست تیرۆریستانی داعش ئازاد بوون،  تا ئێستا زیاتر لە 400 هاووڵاتی ئێزدی ڕزگار كراون، من لەو باوەڕەدام بە ئازادكردنی شنگال ژمارەیەكی زیاتر لە ئێزدییەكان ئازاد دەبن و دەگەڕێنەوە ناو خزم و كەسانی خۆیان".

كەسایەتیی كوردی ئێزدی (مەحما خەلیل) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوت، "دوای ئەوەی لە دوو ڕۆژی رابردوودا 196 هاووڵاتیی ئێزدی لە دەستی تیرریستانی داعش ئازاد بوون، حكوومەتی هەرێم هەر لە شاری كەركووك تا دهۆك زۆر بە جوانی پێشوازی لەو ئاوارانە كرد و خواردن و پێداویستیی پزیشكیی بۆیان دابین كرد، ئێستایش ڕەوشی ئەو ئاوارانە زۆر باشە و  زۆربەیان گەڕاونەتەوە ناو خزم و كەسانی خۆیان، تا ئێستا زیاتر لە 400 ئێزدی لە دەستی تیرۆریستان ئازاد كراون و منیش لەو باوەڕەدام لە داهاتوودا ژمارەیەكی زۆر لە گیراوەكانی ئێزدی ئازاد دەبن".
دەشڵێت، "تا ئێستا ئامارێكی تەواو لەبەر دەستی ئێمەدا نییە، چونكە هەندێك لەو كەسانەی كەوتوونەتە دەستی تیرۆریستان و كوژراون، بەڵام بە پێی ئامارە نافەرمییەكان 4600 كوردی ئێزدی لە كاتی داگیركردنی شنگال و دەوروبەری دیار نەماون و كەوتوونەتە دەست داعش".
( مەحما خەلیل) گوتیشی، ئازادبوونی ئەوانە ئەوە دەگەیەنێت كە داعش ورەی نەماوە و بەردەوام لە پاشەكشەدایە و بەرەو ڕووخان دەچێت، دەیەوێت كەلوپەلەكانی خۆی كۆ بكاتەوە و بەرەو سووریا هەڵبێت.
ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار