لاتیڤیا سەرۆکایەتی ئەورووپا وەردەگرێت..نوێنەرێکیان لە هەولێرە و بزانە چی لەبارەی کوردستان دەڵێ

هەولێر-KDP.info-ئەمساڵ وڵاتی لاتیڤیا سەرۆکایەتی یەکیەتی ئەورووپا وەردەگرێت و لە ئێستایشدا کونسوڵی ئەو وڵاتە لە هەولێرەوە و لە میانی دیدارێکیدا رایگەیاند کە، وڵاتەکەی دەیەوێ پێوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پتەو بکات.
ئەمڕۆ بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (فەلاح مستەفا) پێشوازی لە )ئاتیس سجانتیس) باڵیۆزی کۆماری لاتڤیا لە عێراق کرد کە، بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندیە دوولایەنەکان سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەت پیڕۆزبایی خۆی ئاراستەی )ئاتیس سجانتیس) وەکو باڵیۆزی تازە دەستبەکاربوو لە عێراق کرد و ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خستەڕوو بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لە پێناو پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیەکان. هاوکات پوختەیەکی سەبارەت بە هەڵوێست و سیاسەتی هەرێمی کوردستان لە مەڕ پرسە هەنووکەییەکان و سیاسەتی کرانەوە بەڕووی کۆمەڵگای نیودەوڵەتی و پەیوەندیە دووقۆڵیەکان و رەوشی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەکە بەگشتی خستەڕوو.
لەلایەن خۆیەوە وەکو یەکەم باڵێوزی دەستبەکاربوو لە عێراق، (ئاتیس سجانیتس) خۆشحاڵی خۆی دەڕبڕی بە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و پاشان چەند سەرەنجێکی سەبارەت بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ عێراق و رەوشی سیاسی و ئاساییش و رووبەروو بوونەوەکانی ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکە پێشکەشکرد.
لە دوایدا، ئاماژە بە سەرۆکایەتی کردنی وڵاتەکەی لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵی خولی ئەنجوومەنی یەکیەتی ئەوروپا کرد کە ئەمەش دەبێتە دەرفەتێک کە وڵاتەکەی رۆڵی زیاتر لە پێشخسنتی پەیوەندیە ئابووری و بازرگانیەکانی وڵاتانی ئەوروپا لەگەل هەرێمی کوردستان بگێڕێت و هەروەها دەبێتە کەناڵێکی گرینگ لە فراوانکردنی هاوکاریە مرۆییەکانی وڵاتانی ئەندام بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان.
هاوکات، ناوبراو ڕۆڵی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی بەرز نڕخاند لە رووبوونەوەی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش کە هێزێکی زەمینی باوەڕپێکراوە و لەبڕی هەمووان شەڕ دەکات لەگەڵ ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم لە پێشوازیکردنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەی دەرەکی و ناوخۆییەدا.
پاشان، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە جەختی لە گرینگی ڕۆڵی سەرکردایەتی ئەنجوومەنی یەکیەتی ئەوروپا لەلایەن لاتیڤیاوە کردەوە لە هەماهەنگی کردنی زیاتری ووڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ فراوانکردنی هاوکاریە مڕۆیەکانیان بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لەم وەرزی سەرمایە کە ئاوارەکان تێیدا تێپەر دەبن. بەڕێزیان گووتی یەکێتی ئەوڕوپا پێگەو بایەخی گرینگی خۆی هەیە لەسەر ئاستی جیهان و هیوادارین لاتڤیا بە بایەخەوە بڕوانێتە خواست و داخوازیەکانی هەرێمی کوردستان لەڕووی پشتگیری سەربازی و مرۆیی.
لەکۆتایدا، هەردوولا باسی ئەم میکانیزم و ڕێکارانەیان کرد بۆ تێپەڕکردنی عێراق و ناوچەکە لەم ڕەوشە ئاڵۆزەی کە پێیدا تێپەڕ دەبن.




