سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیران، پشتگیری لە وەزیری دارایی و ئابووری دەكەن.. پشتگریى پرۆسهی چاكسازی دهكهین
__2015_01_19_h14m45s52__RM.jpg)
هەولێر-KDP.info- وەك پشتگیرییەك بۆ وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (ڕێباز حەملان) لە پرۆسەی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی كاروبارەكانی وەزارەتدا، سەعات هەشتی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و جێگری سەرۆكوەزیران (قوباد تاڵەبانی)، دەوامی ئاساییی خۆیان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەست پێ كرد و سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی وەزارەتیان لەگەڵ وەزیر و ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەران و بەرپرسانی دامودەزگاكانی وەزارەت كرد.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی و ئابووری، سەردانی سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیرانی بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە پاڵپشتی و هاندانێكی گەورە و برەودانێكی زیاتر بۆ ئەو چاكسازییە لە قەڵەم دا، كە لە وەزارەت لەسەر بنەمای بەدامەزراوەییكردنی دامودەزگاكان و ڕێكخستنەوەی داهاتەكان و كەمكردنەوەی خەرجییە زیادەكان و ڕۆتینی كارگێڕی و پلاندانان بۆ ڕێكخستنەوەی هێزی كار و دەربازبوون لە قەیرانی دارایی و برەودان بە ئابووریی كوردستان و تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە، بە هاوكاریی ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و ستافی وەزارەت، دەستی پێ كردووە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە بەو پێیەی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كابینەی بنكەفراوانە، هەموو لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە حكوومەتدا، بەشدارییان لە سەركەوتن و كەموكوڕییەكانی حكوومەتدا هەیە. ڕوونیشی كردەوە كە بە هۆی گرینگیی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە، هەر كەموكوڕییەك لە وەزارەتدا، كاریگەریی خێرا لەسەر تەواوی ژیان و گوزەرانی خەڵك و بەڕێوەچوونی كاروباری حكوومەت هەیە.
باسی لەوەیش كرد كە ئامانجی وەزارەت ئەوەیە ئەو كەموكوڕیانەی لە ڕابردوودا كەڵەكە بوون، بۆ كەمترین ڕادە كەم بكرێنەوە و سیستەمێكی سەردەمیانەی سەركەوتوو بێنێتە ئاراوە. هەروەها سوپاسی خۆڕاگریی هاووڵاتیان و فەرمانبەران و مووچەخۆران و بەڵێندەرانی كرد كە بەرگەی قەیرانی داراییان گرتووە.
لای خۆەیەوە سەرۆكوەزیران لە گوتەیەكدا تەواوی پشتگریی خۆی و جێگری سەرۆكوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ وەزیر و وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەو پرۆسەیەی بۆ چاكسازی و ڕێكوپێككردنی وەزارەت دەستیان پێ كردووە، دەربڕی. ئاماژەی بەوەیش دا كە، دوای ئەنجوومەنی وەزیران، یەكەم گرنگترین وەزارەتی حكوومەت، وەزارەتی دارایی و ئابوورییە و هەر كێشە و گرفت و كەموكوڕییەكیش هەبێت، هەموو حكوومەت و لە سەرووی هەموویشیانەوە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و خودی سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیرانیش لێی بەرپرسیارن، نەك تەنیا وەزیرێك، یان حزبەكەی.
هەروەها دەستخۆشی لە هەنگاوەكانی وەزیری دارایی و ئابووری كرد و ڕایگەیاند، "ناكرێ پێشبینیی ئەوە بكەین كە وەزیرێك دەتوانێ لە ماوەی تەنیا شەش مانگدا، هەموو شتەكان ڕێك بخاتەوە، بەڵام دڵنیاین ئەو هەنگاوانەی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری دەستی پێ كردووە، ڕاستن، بۆیە ئێمە لە سەرۆكایەتی و تەواوی ئەنجوومەنی وەزیران، هەموو پشتگیرییەكی دەكەین و كەموكوڕییە كەڵەكەبووەكانیش، پەیوەندییان بە وەزیرەوە نییە، كە لەم كابینەیەدا پۆستەكەی وەرگرتووە".
تیشكی خستە سەر ئەوەیش كە، ماوەی ڕابردوو هەڵمەتێكی دژوار دژی وەزیری دارایی و ئابووری لە ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەیە، بۆیە گوتی: "پشتگیری دەكەین و دڵنیاین ئەو هەنگاوانەی ناویەتی، بەرەو چاكسازی دەڕوات".
بەڕێز سەرۆكوەزیران دووپاتی كردەوە كە، "قەیرانی دارایی وانە و دەرفەتێكە بۆ ئەوەی بە خۆماندا بچینەوە و چاكسازی بكەین و بزانین كێشە و كەموكوڕییەكانمان لە كوێین". هەروەها لە پێناوی سەركەوتنی پرۆسەی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی كاروبارەكانی وەزارەتدا، داوای لە هەموو ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی و بەرپرسان و دامودەزگاكانی وەزارەت كرد بە هەموو شێوەیەك ببنە هاوكار و پشتگیری لە هەنگاوەكانی وەزیری دارایی و ئابووری بكەن.
دووپاتیشی كردەوە كە، چاكسازی پرۆسەیەكی درێژخایەنە و كات و بڕیاری قورسی دەوێت و وەزیریش پێویستی بە ژینگەیەكە بتوانێت كاری تیادا بكات، بۆیە هەموو هاوكارییەكی دەكەین. دەربارەی بانگهێشتكردنی وەزیرانیش بۆ پەرلەمان، داكۆكی لەوە كردەوە كە دەبێ لە ڕێگەی ڕێسا یاساییەكانەوە و بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بێت.
لای خۆیەوە جێگری سەرۆكوەزیران (قوباد تاڵەبانی)ـیش، لە گوتەیەكدا جەختی لەوە كردەوە كە، بە تەواوی پشتگیری لە گوتەكانی سەرۆكوەزیران و بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە وەزیر و وەزارەت و دامودەزگاكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەكات. تیشكی خستە سەر ئەوەیش، كە چاكسازی و نوێكردنەوە ئاسان نییە و ڕەخنە لە وەزارەت دەگیرێت و هەوڵی دروستكردنی كێشەی بۆ دەدرێت. هەروەها داوای كرد هەمووان لە پرۆسەی چاكسازیدا هاوكار و یارمەتیدەری وەزیر بن و بۆ ئەمەیش سوود لە شارەزایی پسپۆڕانی بیانی وەربگرن، بودجەی 2015یشی بە دەرفەتێك بۆ چاكسازی لە قەڵەم دا.
پاشان ژمارەیەك لە ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی و بەرپرسانی دامودەزگاكانی وەزارەت، كۆمەڵێك دید و سەرەنجی خۆیان بۆ چۆنیەتیی سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی و نوێكردنەوەی سیتسەمی كار و بەڕێوەبردن خستە ڕوو. لە كۆتاییشدا وەزیری دارایی و ئابووری، سوپاسی پشتگریی سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیرانی لە وەزارەت و هەنگاوەكانی بۆ چاكسازی، دووپات كردەوە.




