به‌غدا یه‌ك له‌سه‌ر 12ـی بوودجه ده‌نێرێت

به‌غدا-KDP.info- بڕیاره ڕۆژی چوارشه‌ممه، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ په‌سه‌ندكردنی بوودجه‌ی 2015 دادەنیشێت؛ ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ئاماژه به‌وه ده‌كات تا ئه‌و كاته‌ی بوودجه‌ی 2015 په‌سه‌ند ده‌كرێت به‌غدا ده‌توانێت یه‌ك له‌سه‌ر 12ـی بوودجه ڕه‌وانه بكات.
د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له لێدوانێكدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان بوودجه‌ی 2015 په‌سه‌ند بكرێت، بۆیه چوارشه‌ممه كه ده‌گه‌ڕێینه‌وه به‌غدا، ئه‌گه‌ر هات و، ڕاپۆرتی دارایی په‌سه‌ند كرا ئه‌و كاته گرفته‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بێت و، پشكی %17ـی كوردستان ده‌نێردرێته هه‌رێمی كوردستان، خۆ ئه‌گه‌ر هات و، په‌سه‌ندكردنەکە دواكه‌وت، ئه‌و كاته حكوومه‌تی عێراق دەبێ یه‌ك له‌سه‌ر 12ـی بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، چونكه ئه‌وه‌ی له 2014 كراوه بڕیارێكی سیاسی بووه و، ڕێڕه‌وی یاساییەکەی ئه‌وه‌یه بوودجه‌كه به‌و شێوه ڕه‌وان بكرێت."
كه‌ره‌م گوتیشی: "ئێمه ڕۆژی چوارشه‌ممه ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ كۆبوونه‌وه‌كانی تایبه‌ت به په‌سه‌ندكردنی بوودجه 2015؛ خۆی ڕاپۆرتی دارایی ته‌واو بووه و، لێژنه‌ی دارایی بە مانگێک کاری خۆی كردووه؛ سه‌رجه‌م بۆچوونه‌كان له‌سه‌ر بوودجه كۆ ده‌كرێته‌وه".
ئه‌وه‌شی خسته ڕوو لایه‌نه سیاسییه‌كان هاوڕان كه ده‌بێت بوودجه‌کە زوو په‌سه‌ند بكرێت؛ دوای په‌سه‌ندبوون، ڕه‌وانه‌ی حكوومه‌ت ده‌كرێت و، له‌وێشه‌وه بوودجه‌كه دابه‌ش ده‌كرێت كه له‌و كاته‌دا گرفتمان نابێت، چونكه وه‌زیری دارایی كورده و، ده‌توانێت ده‌ستوبرد بكات له ڕێكاره‌كانی بوودجه."
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه، نه‌جیبه نه‌جیب، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوینه‌رانی عێراق و، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئابووری و، وه‌به‌رهێنان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ پرۆژه‌یاسای بوودجه گشتى 2015ـی عێراق کرد. لێژنه‌ی دارایی ئێستا كاره‌كانیان به‌ره‌و كۆتایی دەڕوات و، ڕاپۆرتی كۆتایی لیژنه‌كه ئاماده‌یه كه تێیدا باسی ته‌واوی بوودجه‌ی گشتی عێراقی فیدراڵ ده‌كات و، ڕا و سه‌ره‌نج و تێبینیی په‌رله‌مانتارانیش كاری له‌سه‌ر كراوه له ڕاپۆرته‌كەدا و، دیاری كراوه. ڕۆژی چوارشه‌ممەیش یه‌كێك ده‌بێت له بڕگه‌كانی دانیشتنی په‌رله‌مان."
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نووینه‌رانی عێراق گوتیشی: "دانیشتنەکەی ڕۆژی سێشه‌ممه بۆ ڕۆژی چوارشه‌ممه هاته پاش خستن، به هۆی سه‌رقاڵیی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ ئه‌وەی زیاتر كات بده‌ن به لێژنه‌ی دارایی، کە تا ڕۆژی چوارشه‌ممه كۆتا ڕاپۆرتی خۆیان پێشكه‌ش به سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكه‌ن، من له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم ئه‌و ڕۆژه ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، له‌وانه‌یه حه‌فته‌ی دادێ په‌سه‌ند بكرێت."
كارزان هه‌ورامی و نه‌شوان به‌رزنجی




