کاوە ئازیزی: پەیەدە و، ڕژێم لە حەسەکە شەڕیانە و، لە قامیشلۆ بهیهکەوەن

حەسەکە ــ kdp.info ــ ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دەڵێت، سیناریۆیەکی مەترسیدار ھەیە لە حەسەکە بۆ ئەوەی کوردانی ئەو شارە دەربکەن؛ تاوەکو ئێستاش نزیکەی ھەزار خێزان ئەو شارەیان جێ ھیشتووە و، شەڕیش بەردەوامە؛ جا سەیرە لە حەسەکە چەکدارانی پەیەدە و رژێم شەڕیانە و، لە قامیشلۆدا بە یەکەوەن.
کاوە ئازیزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە حەسەکە سیناریۆیەکی زۆر مەترسیدار ھەیە، وا خەڵکی کوردی ئەو شارە دەردەکەن؛ ئێستا پەیەدە و، شەبیحەکان و، سوپای ڕژێمی سووریا لەوێ شەڕیانە، بەڵام ئەوەی سەیرە لە قامیشلۆدا، ڕژێم و پەیەدە بە یەکەوە دەردەچن و، لە حەسەکەیشدا شەڕیانە."
کاوە ئازیزی دەیشڵێت: "چییان لە گرێسپی و گرێحاسڵ و، کۆبانێ کرد، خەریکە حەسەکە و، سەرێکانی و، عاموودا و، قامشلۆیش بەو دەردە دەبەن و، دۆزی کورد تەواو دەبێت لە سووریا."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، ڕوونیشی کردەوە، ئەمە ئەجیندایەکی دەرەکییە و، ئەگەر ھێزەکانی ھاوپەیمانان و، ھەرێمی کوردستان، ڕای خۆیان لە بەرامبەر ڕۆژئاوا نەگۆڕن و، دەسباری نەکەن، کوردستانی ڕۆژئاوا نامینێت."
کاوە ئازیزی ڕاشیگەیاند: "لە حەسەکەدا، شەڕ بەردەوامە و، نزیکەی ھەزار خێزان ئاوارەی تربەسپی و، عامودا و، قامیشلۆ بوونە."
ئازیزی گوتیشی: "تەنیا دوێنی سوپای ڕژێمی ئەسەد بە بوردوومان، ھەشت ھاووڵاتی لاشەڕی لە حەسەکە شەھید کردووە."
بڵندئیبراھیم




