٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حه‌مید ئه‌فه‌ندی: باشترە ھێزی پێشمەرگە لەپرۆسەی رزگارکردنی مووسڵ ھاوکار بێت و بەشداری نەکات

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ_kdp.info_  فەرماندەیه‌كی ھێزی پێشمەرگە دەڵێت، ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری باشیک پەکی داعشیان خستووە و، هەر کە بجووڵێنەوە، پێشمەرگە دەیانکوتێت؛ باشتر وایە ھێزی پێشمەرگە لە شەڕی ڕزگارکردنی مووسڵدا هەر ھاوکار بێت و، بەشداری نەکات.

حەمید ئەفەندی، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری باشیک بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنورەکەی ئەواندا ھێزی پێشمەرگە و، چەکدارانی داعش، بەردەوام یەکتری بۆردوومان دەکەن؛ فڕۆکە جەنگییەکانیش بەردەوام لە ئاسمانەوە مۆڵگەکانی داعش دەکوتن و زیانیانى زۆریان پێ دەگەیێنن".
ئەفەندی گوتیشی، تاوەکو ئێستا داعش چەندین جار ھێرشیان هێناوەتە سەر ھێزی پێشمەرگە، بەڵام ھەموو جارێک پیشمەرگە شکاندوونیەتەوە.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری باشیک، ڕوونیشی کردەوە، داعش لە سنووری ئەواندا، ناتوانێت زۆر بجووڵێت، چونکە پیشمەرگە لەسەر چیاکەن و، بە ئاسانی جووڵەی داعش دەبینن و، تۆپبارانیان دەکەن.
حەمید ئەفەندی، ڕایشیگەیاند: "داعش ھێزی بۆ ھاتووە لە سنووری ئێمە و، دەوروبەری مووسڵیش، بەڵام کاریگەریی نیە و، ئێمە ئەگەر فەرمانمان پێ بکرێت ئامادەی ھێرشین؛ هەرهەموو خاکی کوردستان لە داعش پاک دەکێتەوە و، لە بەرنامەدا ھەیە."
سەبارەت بەبەشداریکردنی ھێزی پێشمەرگە لە ڕزگارکردنی مووسڵدا، ئەفەندی گوتی: "بە ڕای من وەک فەرماندەیەک پێویستە تا دەگاتە سنووری مووسڵ ھەمووی لە داعش پاک بکرێتەوە، به‌ تایبه‌ت سنووری مادده‌ی 140، بەڵام وا باشە ھێزی پێشمەرگە بەشداری لە شەڕی ناو مووسڵدا نەکات و، تەنیا ھاوکار بێت."
بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار