بەشی ھەرێمی کوردستان لە دامەزراندنی ئەمساڵ 4%ـە و، کوردیش داواکارە بکرێتە 17%

بەغدا_kdp.info_ پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بەشی ھەرێمی کوردستان لە دامەزراندن لە پڕۆژەیاسای بوودجە 4%ـە بەڵام ئێمە داواکاریمان پێشکەش کردووە کە ببێتە 17%، چونکە ئەو ڕێژەیە بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر کەمە.
ئەردەڵان نوورەدین، ئەندامی ئهنجوومهنى نوێنهرانى عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە پڕۆژەیاسای بوودجە گشتیی عێراق زیاتر 55ھەزار فەرمانبەر لەسەر میلاکی حکوومەت دادەمەزرێن و، پشکی ھەرێمی کوردستان زۆر کەم دانراوە، کە پێویستە 17% بێت، بەڵام تەنیا سەدا چوار دانراوە.
ئەردەلان نوورەدین، گوتیشی: "ئێمە داوامان کردووە کە پێویستە ڕێژەی دامەزراندن بۆ ھەرێمی کوردستان زیاد بکرێت و، بکرێتە 17%، چونکە ئەوە مافی خۆمانە و، پێویستە زیاد بکرێت."
نورەددین ڕوونیشی کردەوە: "داواکارییەکەی ئێمە دەخرێتە دووتوێی ڕاپۆرتەکەی لیژنەی داراییەوە و، لە کاتی دەنگدان ئەگەر دەنگی پێویست بە دەست بێنێت، پەسەند دەکرێت و، ئەگەر دەنگی پێویست بە دەست نەھێنێت ڕەت دەکرێتەوە."
ڕایشیگەیاند: "ئەو ڕێژەیەی بۆ ھەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت تەنیا بۆ ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستانە و، لە بەشی عێراق بەشی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم دەدرێت، چونکە دامەزراندن لەو شوێنانە پێویستی بە ڕەزامەندیی حکوومەتی ناوەند ھەیە."
بڵند ئیبراھیم




