ئەورووپا بۆ ڕەواندنەوەی مەترسیی تیرۆر کۆ دەبێتەوە

برۆكسێل _kp.info_ وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپا، بۆ خۆئامادەکردن و چۆنیەتیی ڕەواندنەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر کە لەو دواییەدا لە پاریس و بەلجیکا زۆر زەق بووەتەوە و، دواتر هەوڵدان بۆ دەستێوەردانەوەی ئەورووپا لە ئوکراین بۆ لاوازکردنی هەڕەشەکانی ڕووسیا لەسەری كۆ دەبنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپا لە برۆكسێل کۆ دەبنەوە و، هەڕەشەکانی تیرۆر تاوتوێ دەکەن.
بیبیسی لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند کۆبوونەوەکە بۆ دوو مەبەست دەبێت؛ یەکەم خۆئامادەکردن و چۆنیەتیی ڕەواندنەوەی هەڕەشەی تیرۆر و، یەکەودوایش بۆ دەستێوەردانەوەی ئەورووپا لە ئوکراین، بۆ ڕەواندنەوەی هەڕەشەکانی ڕووسیا لەسەری.
28 وەزیری دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپا لە بڕۆكسێل ئامادە دەبن، بە بایەخەوە چۆنیەتیی بەرپەرچدانەوەی توندڕەوەکان، تاوتوێی دەکەن، بە تایبەتی ئەوانەی کە لە عێراق و سووریا گەڕاونەتەوە ئەوێ.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی بیبیسی، فەرەنسا و بەریتانیا زیاتر لە هەموو وڵاتانی یەکیەتیی ئەورووپا، توندڕەویان لێوە چووەتە عێراق و سووریا. هەڵبەت لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا هیچ بڕیارێک نادرێت، بەڵکو زیاتر ئامادەسازی دەکەن بۆ کۆڕبەندی ڕەواندنەوەی تیرۆر، کەوا بڕیارە مانگی دادێ لە ئەمەریکا ببەسرێت.
شەڕەکەی دوێنێی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینیش، تەوەرێکی تری قسەکانی وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپا دەبێت، پێیان وایە دەبێت لە ئاست ڕووسیادا، بێنە دەست.
و/ خالید ئەحمەد




