ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی، شکاتی چارلی هێبدۆ دەکات

هەولێر-KDP.info-ڕێكخراوی هاوکاریی ئیسلامان کە بارەگاکەی لە عەرەبستاندایە، لەسەر بڵاوکردنەوەی کاریکاتێرەکەی پێغەمبەر (د.خ.) شکاتی چارلی هێبدۆ دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئیندیپێندێنت ئەیاد مەدانی سکرتێری گشتی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامان لە (جەددە) بە ڕۆژنامەی عەرەبستانی گوتووە: "وا خەریکین بە گوێرەی یاساکانی ئەورووپا و فەرەنسا، ڕێوشوێنێکی یاسایی دەدۆزینەوە بۆ ئەوەی چارلی هێبدۆ بدەینە دادگا."
لە تویتەریشدا مەدانی گوتبووی: "بەو کارتۆنەی لە پێغەمبەریان کێشاوە، دڵی مسڵمانانی جیهانیان لە خۆیان ڕەنجاندووە. خۆپیشاندانی بەربڵاو لە جیهانی ئیسلامدا لە دژی چارلی هێبدۆ دەستی پێکردوە، بە تایبەتی لە پاکستان و نایجیریا توندوتیژیی زۆریشی لێ کەوتووەتەوە."
جێی باسە ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامان لە هەموو وڵاتانی باکووری ئەفەریقیا و، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەندامی هەیە، هەروەها لە نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەوروپایشدا نوێنەری هەمیشەیی هەیە.
لە ساڵی (2013)ـەوە، ئەیاد مەدانی بە هەڵبژاردن بووە بە سەرسکرتێری ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامان؛ مەدانی خەڵکی عەرەبستانە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئیندیپێندێنت لە دوای داخستنی ڕۆژنامە ئێرانییەکەی (مەردمی ئیمروز)، مەدانییش لە دژی چارلی هێبدۆ وەخۆ کەوتووە.
و/ خالید ئەحمەد




