نوێترین زانیارییەکانی ئەمڕۆی کۆبانی

كۆبانی-kdp.info- فەرماندەی نوێی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی باس لە دۆخی ئەو شارە دەكات و دەڵێت، لە یەكەم رۆژی گەیشتنیان بۆ كۆبانی داعشیان گوللەباران كردن و فڕۆكە جەنگییەكانیش بە بەردەوامی مۆڵگەكانی داعش بۆردوومان دەكەن، كە تەنیا ئەمڕۆ چوار جار مۆڵگەكانی داعشیان بە سەختی بۆردوومان كردوون و زیانی زۆریان پێ گەیاندوون.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (موسڵەح زێباری) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "یەكەم رۆژ كە گەییشتنە كۆبانی بە چەكی جۆری راجیمە مۆڵگەكانی داعشمان بە چڕی بۆردوومان كرد و زیانی زۆریشیان پێ گەیاندون، بەڵام قەبارەی زیانەكان نەزانراون".
عەمید (موسڵەح) ڕوونیشی كردەوە، "بەیانیی ئەمڕۆ سەردانی سەنگەرەكانی هێزی پێشەوەی شەڕڤانانمان كرد بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری دۆخەكە بین، ورەی شەڕڤانان زۆر بەرزە و بە ئێمەیان راگەیاند كە تەنیا ئەمڕۆ بە چەكی قەناس و بیكەیسی 23 تیرۆریستی داعشیان كوشتووە و تانكێكیش دەستی بەسەر داگیراوە".
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی گوتیشی، فڕۆكە جەنگییەكانیش جموجۆڵی داعشیان پەك خستووە و 24 سەعات دەسووڕێنەوە، لە هەر شوێنێك جوڵەیان هەبێت بۆردوومانیان دەكەن و تەنیا بەیانیی ئەمڕۆ چوار جار مۆڵگەكانی داعشیان زۆر بە سەختی بۆردوومان كردووە.
(زێباری ) راشیگەیاند، "بەشی هەرەزۆری كۆبانی لە دەست ئێمەدایە و گەڕەكی مشتەنووریش 50%ـی ئازاد كراوە و لە دەست پێشمەرگە و شەڕڤاناندایە".
دەشڵێت، داعش ورەی ڕووخاوە و لەوەتەی ئەوان چوون بۆ كۆبانی، تەنیا ئەمڕۆ پێنج مووشەكیان ئاراستەی كۆبانی كردوون،یبەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێكیان نەبووە و هەموو پێشمەرگەكانیش سەلامەتن.
بڵند ئیبراهیم




