٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چیای زەرتك.. پێشمەرگەی بۆ ئازادكرنی ناوچەكە چاوەڕوانی فەرمانن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە چیای زەرتك پێشمەرگە بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەك لەگەڵ داعشدا ئامادەیە و هەر كاتێك داعش هێرشی بردبێت، تێك شكاون و بە سەرشۆڕی گەڕاونەتەوە.

لە چیای زەردك و حەسەن شام كە بە میحوەری خازر بەناوبانگە، پێشمەرگە لە ئامادەباشیدایە و چاوەڕوانی فەرمان لە سەرووی خۆیان دەكەن بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی داعشدان ئازادیان بكەن، بەرپرسێكی پێشمەرگەیش لەناوچەكە دەڵێت، داعش لە ناوچەكە توانای هێرشبردنیان نەماوە و بەردەوام لە پاشەكشەدان.

موقەدەم (سەبری حوسێن) لە حەسەن شام بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، "لە قۆڵی چیای زەرتك و حەسەن شام كە بە میحوەری خازر بەناوبانگە، داعش هیچ جموجۆڵێكی نەماوە و بەردەوام لە پاشەكشەدان، بە گوێرەی زانیارییەكانیش داعش لە بەرتلە و حەمدانییە دەستیان بە تاڵان كردووە و بەردەوام خانووی هاووڵاتیان دەتەقێنێتەوە، ئەوەیش بێهێزی داعش پیشان دەدات لەناوچەكەدا، ئەمە جگە لە تەقاندنەوەی خانووی هاووڵاتیان كە هیچی دیكەیان بە دەستەوە نەماوە".
گوتیشی، "هەر كاتێك لەو قوڵەوە بێنە پێشەوە، هێزی پێشمەرگە بە توندی وەڵامیان دەداتەوە و  ناوچەكە بۆردوومان دەكات و زیانێكی زۆر گەورەیشیان پێ دەگەیەنێت".

موقەدەم (سەبری) ئاماژەیشی دا، هێزی پێشمەرگە لەو شوێنانە جێگر كراون و سەنگەرەكانی خۆیان قایم كردووە و پێشمەرگەیش بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەك لەگەڵ داعش ئامادەیە و لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە، هەر كاتێك داعش هاتبێت بە سەرشۆڕی گەڕاوەتەوە، بۆ ئازادكردنی ئەو ناوچانەیش پێشمەرگە چاوەڕوانی فەرمانە و هەر كاتێك لە سەرووی خۆمانەوە فەرمانمان پێ بكرێت، لە ماوەیەكی كەمدا تەواوی ناوچەكە لە تیرۆرستان پاك دەكەینەوە و دووبارە ژیان بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێنینەوە".

ڕابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار