پلانی رزگارکردنی شنگال دانراوە

شنگال-KDP.info-فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال دەڵێت، خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەڵنیا دەکەینەوە کە پلانێکی زۆر باش لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دانراوە بۆ رزگارکردنی شنگال و دەوروبەری و بەم نزیکانە شنگال ئازاد دەکرێت.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال عەمید (بەھرام عەریف یاسین) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند:"ئەمڕۆ ھیچ ھێرشێک لەشنگال نەبووە تەنھا یەکتریان تۆپباران کردوون، بەڵام پلانێکی زۆر باش لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان (مەسعود بارزانی) دانراوە بۆ رزگارکردنی شنگال و دەوروبەری و لەئێستایشدا تەنھا ماوە جێبەجێ بکرێت و بەم نزیکانەش شنگال ئازاد دەکرێت.
سەبارەت بەو ھێرشە بەردەوامەکانی داعش بۆ سەر شنگال عەمید(بەھرام عەریف )دەڵێت: شنگال بۆ داعش زۆر گرینگە، چونکە رێگای ستراتیژی ئەوان لە شنگالە کە لە مووسڵ بەرەو رققە دەچێت و کاریگەری زۆری کردووەتە سەر ئابووری ئەوان، بۆیە بەردەوام ھێرش دەکەن بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی بکەن، بەڵام ھێزی پێشمەرگە رێگەیان پێنادات و شکستیان پێ دەھێنێت.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال ھێمای بۆ ئەوەش کرد، داعش مینێکی زۆری لە ناوچەکە چاندووە و تیمەکانی ئێمەش بەردەوامن لە پاککردنەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە200مین ھەڵگیراون و پوچەڵکراونەتەوە.
عەمید(بەھرام عەریف )گوتیشی، لەئێستادا فرۆکە جەنگیەکانی ھاوپەیمانان بە ئاسمانی شنگال دەسوڕێنەوە بۆ ئەوەی مۆڵگەکانی داعش بۆردوومان بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیان کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، ھێزی پێشمەرگە بە ورەیەکی پۆڵاینەوە لەبەرگریکردندان و خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەڵنیا دەکەینەوە بەم نزیکانە سەرکەوتن رادەگەینن.
بڵند ئیبراھیم




