مەكتەبی سیاسی پارتی هەوڵەكانی پەکەکە بۆ دروستكردنی كانتۆنی شنگال ریسوا دەكات

هەولێر-KDP.info-مەكتەبی سیاسی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە كە، دەستوەردانی پەكەكە لە كاروباری هەرێمی كوردستان و، هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی كانتۆنی شنگال ریسواو مەحكوم دەكات.
دەقی بەیاننامەكە:
رۆڵەكانی كوردانی ئێزیدی
خەڵكی هێژای شنگال
داگیركردنی دەڤەرەكەتان لەلایەن تیرۆریستانی داعش و رفاندنی كەسوكار و منداڵ و ژنانتان ئەنفالێكی دیكە بوو بەسەر گەلەكەماندا هات و، بووە برینێكی قوڵ لە مێژووماندا كە خەبات و خۆڕاگری و كاركردنی پێكەوەیی زۆرمان دەوێ بۆ سارێژكردنی.
كوردانی ئێزیدی و پێشمەرگەی كوردستان لە چیای شەنگال بۆ ماوەی چەندین مانگ بەرەنگاری داعش بوونەوە و، بە بەرخودانی قارەمانانەیان نەیانهێشت چنگی چەپەڵی تیرۆریستان بگاتە چیا، هەموو گەلی كوردستانیش پشتیوانی ئەم خۆڕاگرییە بوو.
قورسایی ئەو كارەساتە بوو وای كرد پێشمەرگەی قارەمانی كوردستان لە رۆڵەكانی كوردانی ئێزیدی و، موسڵمان پێكەوە و بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی گەورەترین هەڵمەتی پێشمەرگانە بەرپا بكەن بۆ رزگاركردنی دەڤەری شنگال و، پاككردنەوەی لە ئاسەوارەكانی تیرۆریستانی داعش. پاشی گەیشتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە خۆڕاگرەكەی سەر چیای شنگال بە یەكتر، قۆناغی ئازادكردنی شارەكە دەستی پێكردووە و ئێستا لە رزگاربوونی تەواوەتی نزیك بۆتەوە.
لەم كاتەدا كە هەموو گەلی كوردستان و نەتەوە خەباتكارەكەمان و جیهانی ئازاد چاوی لە ئازادكردنی شنگال و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش و گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیرییە بۆ ئەو دەڤەرە تا ئاوارەبووەكان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و هەوڵەكان چڕ بكرێنەوە بۆ رزگاركردنی رفێندراوەكان، تاقمێك بە سەركردایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان و هاوكارەكانی بە زۆرەملێ خۆیان بەسەر ئێزیدیاندا دەسەپێنن و لە رێی ئەنجوومەنێكی كارتۆنییەوە كار دەكەن بۆئەوەی لە ژێر ناوی كانتۆنی خۆ بەڕێوەبەریدا شنگال لە هەرێمی كوردستان داببڕن.
ئەم كارە جگە لەوەی كارێكی نایاسایی و دەستوەردانی زەقە لە كاروباری هەرێمی كوردستان و عێراق و بەزاندنی سەروەری وڵات و فەرمانێكی نوێیە دژی ئێزیدیان، هەروەها دژایەتی زەقی یەكگرتویی نەتەوەیی و یەكپارچەیی نیشتمان و ئیرادەی كوردایەتی هەموو ئێزیدیانە و جێبەجێكردنی پیلانی نەگریسی كۆن و نوێی نەیارانمانە بۆ لێكجیاكردنەوەی گەل و خاك و لاوازكردنی هێزی یەكگرتووی نەتەوەیی و نیشتمانیمان.
شنگال و ئێزیدیانی باشوری كوردستان خودان ئیرادە و بڕیاری كوردایەتی خۆیانن پێویستیان بە كەس نییە لە دەرەوە بێن و لە جیاتی ئەوان بیر بكەنەوە و بڕیار بدەن. بەڕێزان شێخانی ئێزدی و كەسایەتی و هەموو ئێزیدییەكانیش ئەمەیان بۆ پەكەكە و هاوكارەكانی سەلماندوەو و پێیان وتوون دووركەونەوە لە پرسی رەوای ئێزیدیان و كێشەی زیاتریان بۆ دروست نەكەن و برینیان قوڵتر نەكەنەوە.
كوردانی ئێزیدی بەشێكی دانەبڕاون لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق و خودان نوێنەری خۆیانن لە پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی نەینەوا و دهۆك، پێویستیان بە كانتۆن و ئەنجوومەنی كارتۆنی نییە كە تەنیا خزمەتی بەرنامە و پیلانی نەگریس و دوژمنكارانەی نەیارانی كورد دەكات و ئاژاوە دەخاتە دەڤەرەكەیان و دەبێتە مەترسی بۆ سەر تەبایی كۆمەڵایەتییان.
ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان وێڕای ریسواكردنی هەوڵەكانی پەكەكەو هاوكارەكانی بۆ دابڕینی شنگال لە كوردستان و خۆسەپاندنیان بەسەر ئیرادەی كوردانەی ئێزیدیاندا، هەروەها داوایان لێ دەكەین هەرچی زووە ئەم گێچەڵە لە هەرێمی كوردستان دوور بخەنەوە و بە دروستكردنی ناكۆكی لەناو نەتەوەكەماندا و لێكترازاندنی ریزەكانی گەلەكەمان دڵی داعشی تیرۆریست و نەیارانی گەلی كوردستان خۆش مەكەن.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
18/1/2015




