ژان مارک، بانگهێشتی پارتیی کرد بۆ کۆنگره‌ی پارتی سۆسیالیستی فه‌ره‌نسا

ھەولێر_kp.info_ لە میانه‌ی سه‌ردانی ژان مارک جێرمان، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی پارتە ده‌سه‌ڵاتبەدەستەکەی سۆسیالیستی فه‌ره‌نسا، بۆ هه‌رێمی کوردستان که به مه‌به‌ستی ئاشنابوون به پێشکه‌وتنه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌زموونی سیاسی له هه‌رێم و باسکردنی دوا پێشهاته‌کانی ناوچه‌که و، جیهان و فراوانترکردنی په‌یوه‌ندی نێوان پارتیی سۆسیالیستی فه‌ره‌نسا و، پارتیی دیمۆکراتی کوردستان سه‌ردانی مه‌کته‌بی سیاسی پارتیی کرد له هاوینه‌هه‌واری پیرمام و، له لایه‌ن جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینکی، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی و، جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان و، به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی پ.د.ک. به گه‌رمی پێشوازیی لێ کرا.
له‌و دیداره‌دا جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینکی پرسه و سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌میی سه‌رکردایه‌تی پارتیی دیمۆکراتی کوردستانی گه‌یانده به‌ڕێز جێرمان و گه‌ل و حکوومه‌تی فه‌ره‌نسای دۆست له‌مه‌ڕ ئه‌و په‌لاماره قێزه‌ونه‌ی که له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه له چه‌ند شوێنێکی پاریسی پایته‌خت کرایه سه‌ر ڕۆژنامه‌ی شارلی ئێبدۆ و، خه‌ڵکی مه‌ده‌نی که بوو به مایه‌ی بێزاریی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی. سوپاسی هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ی ناوبراوی کرد که وه‌کو دۆستێکی گه‌لی کورد ڕووداوه ناخۆشه‌کانی وڵاته‌که‌ی ڕێگر نه‌بوون له ڕێی سه‌فه‌رکردنی بۆ هه‌رێمی کوردستان.
له لای خۆیه‌وه جێرمان وێڕای سوپاس و پێزانینی گه‌ل و، وڵاتی فه‌ره‌نسا بۆ هاوخه‌می پارت و گه‌لی کورد و، کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له گه‌لی فه‌ره‌نسا و که‌سوکاری قوربانیانی ده‌ستی تیرۆر له پاریس، ئامانجی سه‌ردانه‌که‌ی خسته ڕوو و پیرۆزباییی سه‌رکه‌وتنه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و، پێشکه‌وتنه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی گه‌یانده پارتیی دیموکراتی کوردستان و، ڕایگه‌یاند که پارته‌که‌ی به گرنگییه‌وه ده‌ڕوانێته پته‌وکردن و فراوانترکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ پارتیی دیموکراتی کوردستان و، هه‌رێمی کوردستان و، ئه‌و په‌یوه‌ندییه مێژووییه‌ی نێوان سه‌رۆک بارزانی و، سه‌رکردایه‌تیی پارته‌که‌ی و حکوومه‌تی فه‌ره‌نسای به‌رز نرخاند و، سه‌ردانه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌رۆک و گه‌وره‌به‌رپرسانی فه‌ره‌نسای بۆ هه‌رێمی کوردستان و، پشتیوانی و هاوکاری به‌رده‌وامی حکوومه‌تی فه‌ره‌نسا، له پرسی ڕه‌وای گه‌لی کوردستان، پێگه‌یه‌کی گرنگی له سیاسه‌تی وڵاته‌که‌یاندا هه‌یه و، تا ئاخر له‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌یان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ گه‌یشتن به ماف و ئازادیی گه‌لی کورد و، شکه‌ستدانی داعش و تیرۆریستان که هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی خراپن بۆ سه‌ر کوردستان و، هه‌موو جیهان و، مرۆڤایه‌تی به گشتی. بۆیه قوربانیه‌کانی گه‌لی کورد و پێشڕه‌وییه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان زیاتر هانیان ده‌دات تاوه‌کو هاوکاری و، دۆستایه‌تیی نێوان گه‌لی کوردستان و فه‌ره‌نسا پته‌وتر بکه‌ن.
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی گه‌ل و وڵاتی فه‌ره‌نسای، به‌رز نرخاند له به‌هانه‌وه‌هاتنی هه‌رێمی کوردستان، هه‌ر له سه‌ره‌تای هێرشی داعش و به تایبه‌تیش له گه‌یاندنی هاوکاری و، پاڵپشتیکردنیان له پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و، ئاواره‌کان. که به هاوکاری و پشتیوانی وڵاتی فه‌ره‌نسای دۆست و، کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی هاوپه‌یمان، له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و، به ئیراده‌یه‌کی به‌هێزه‌وه توانرا له کوردستان شکه‌ست به ئه‌فسانه و، خه‌ونی تیرۆریستانی داعش بهێندرێت و، ڕۆژ به ڕۆژ پاشه‌کشه‌یان پێ بکه‌ن.
له ته‌وه‌رێکی تری دیداره‌که‌دا، دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و، عێراق و ناوچەکە و جیهان و، په‌یوه‌ندییه دووقۆڵیه‌کانی نێوان هه‌ردوو پارتیی دیموکراتی کوردستان و پارتیی سۆسیالیستی فه‌ره‌نسا خرایه به‌ر باس و گفتۆگۆ. دوواتر له به‌ڕێز جێرمان به ناوی سه‌رکردایه‌تیی پارته‌که‌یه‌وه بانگهێشتی پارتیی دیمۆکراتی کوردستانی کرد بۆ ئاماده‌بوون له کۆنگره‌ی پارتی سۆسیالیستی فه‌ره‌نسادا که له مانگی 6ـی 2015ـدا ساز ده‌کرێت.




