لیژنه‌ی دارایی ئەم چوارشه‌ممەیە ڕاپۆرتی خۆی ده‌داته ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و، وا دیارە په‌سه‌ندیش بكرێت

ھەولێر _kp.info_ ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی ده‌ڵێت، لیژنه‌ی دارای خه‌ریكە تێبینییەکەی په‌رله‌مانتاران تاوتوێ دەکات و، تا ڕۆژی چوارشه‌ممه ڕاپۆرتی خۆی ته‌واو ده‌كات و، پێشكه‌ش به ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی بوودجه له‌و ڕۆژه‌دا په‌سه‌ند بكرێت.
نه‌جیبه نه‌جیب، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "دوای ئه‌وه‌ی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسایی بوودجه‌ی 2015ـی عێراق كرا و، په‌رله‌مانتاران تێبینیی خۆیانیان له‌سه‌ر بوودجه خسته ڕوو و، دایان به لیژنه‌ی دارایی، ئێستا لیژنه‌ی دارایی خه‌ریكی تێبینیه‌كانی په‌رله‌مانتاران بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ڕۆژی چوارشه‌ممه لیژنه‌ی دارایی دوا ڕاپۆرتی خۆی پێشكه‌ش به په‌رله‌مان بكات، بۆ په‌سه‌ندكردنی بوودجه."
نه‌جیبه گوتیشی: "زۆربه‌ی زۆری لایه‌نه سیاسییه‌كان پێیان باشە په‌لهی لێ بکرێ و، بوودجه‌ی 2015 پەسند بكرێت، بۆیه من له‌و باوه‌ڕه‌دام له دانیشتنی ڕۆژی چوارشه‌ممەدا بوودجه‌کە په‌سه‌ند ده‌كرێت."
ئه‌و په‌رله‌مانتاره گوتیشی: "هه‌ر كاتێك بوودجه په‌سه‌ند كرا، 17%ـەکەی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وانه ده‌كرێت، بۆ ئه‌و مانگه‌یش بڕیار دراوه هەژدەک (1 له‌سه‌ر 18)ـی بوودجه ڕه‌وانه‌ی كوردستان بكرێت، ئێستا له پارێزگاكان ده‌ست به دانی ئه‌و بڕه پاره‌یه كراوه و، وا دیارە له‌و دوو ڕۆژه‌دا پارەکە‌ی هه‌رێمیش بگات."
نه‌جیبه نه‌جیب ڕوونیشی كرده‌وه، ڕێكه‌وتنی هه‌ولێر و، به‌غدا زۆر كاریگه‌ریی هه‌بوو له‌سه‌ر زوو په‌سه‌ندكردنی بوودجه‌ی ئه‌مساڵ، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك ئه‌ندام‌په‌رله‌مانتاری سه‌ر به نووری مالیكی دژی ئه‌و ڕێكه‌وتنه و، بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بوون، به‌ڵام هیچیان پێ نه‌كرا."
نه‌جیبه نه‌جیب، ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا کە ئێستا په‌رله‌مانتارانی كورد له هه‌رێمی كوردستاندانە و، بۆ دانیشتنەکەی ڕۆژی چوارشه‌ممه، به‌یانی یان دووبه‌یانی ده‌گه‌ڕێنه‌وه به‌غدا.
ڕابین شێروانی




