٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای سندووقی نەوت‌وگاز ساز دەدات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر_kp.info_ بڕیارە ڕۆژی سێشەممە پەرلەمانی کوردستان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای سندووقی داھاتی نەوتی، نائاسایی کۆ ببێتەوە؛ پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، باشتر وایە ئەو دەستەی سندووقی نەوت و گازە، سەر بە ئەنجومەنی ھەرێمی نەوت و گاز بێت نەک ئەنجوومەنی وەزیران، چونکە ئەو سندووقە تایبەتە بەو ئەنجوومەنە.

عەلی ھالۆ، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حەفتەی ڕابردوو لیژنەی سامانە سروشتیەکان و، یاسا و، دارایی، لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەماندا کۆ بوونەوە و، باسی پڕۆژەیاسای سندووقی داھاتی نەوتیان کرد، بەڵام لەسەر دوو خاڵ ناکۆک بوون؛ بۆیە بڕیار درا ڕەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت و، ڕۆژی سێشەممە پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ساز دەدات و، لەوێ ئەو ناکۆکییەکە یەکلا بکرێتەوە."
عەلی ھالۆ گوتیشی: "ناکۆکی لەسەر دوو خاڵ ھەیە؛ یەکەم سندووقەکە سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران بێت، یاخود ئەنجوومەنی ھەرێمی نەوت و گاز؛ دووەمینیش ئەوەیە کە دەستەی ئەو سندووقە ھەموویان لە پەرلەمان سوێندی یاسایی بخۆن یاخود تەنیا بەڕێوەبەری دەستەکە کە پلەی وەزیری دەبێت."
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ڕوونیشی کردەوە کە: "ئیمە پێمان باشە سەر بە ئەنجوومەنی ھەرێمی نەوت و گاز بێت، نەک ئەنجوومەنی وەزیران، چونکە دۆسیەی نەوت و گاز دۆسیەیەکی ھەستیارە و، وەزیرەکان ھەموویان پەیوەندییان بەو بابەتەوە نییە، بەڵام ئەنجوومەنی ھەرێمی نەوت و گاز پەیوەندیدارن بەو بابەتەوە. ئێمە پێمان باشە کە تەنیا سەرۆکی دەستەی سندووقی نەوت و گاز لە پەرلەمان سوێندی یاسایی بخوات، چونکە وەزیر و، سەرۆکی دەستەکانی دیکەش بە ھەمان شێوەیە، بۆیە پێویست ناکات ھەموو دەستە لە پەرلەماندا سوێندی یاسایی بخۆن.
بە پێی پڕۆژەیاسای سندووقی داھاتی نەوت، ناوی دەستەکە دەبێت بە دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان.
بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار