هێمن هەورامی: پێشمەرگە لە گشت قۆڵەكانەوە شكستی بە داعش برد
هەولێر-KDP.info- (هێمن هەورامی) لە پێشوازیی شاندێكی هاوبەشی پەرلەمانی ئەورووپا و پەرلەمانی سوید رایگەیاند، لە ئێستادا پێشمەرگە قارەمانەكان لە گشت قۆڵەكانەوە شكستیان بە تیرۆریستانی داعش بردووە.
ئێوارەی هەینی رۆژی 16/1/2015 لە پیرمام، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی "پ.د.ك" (هێمن هەورامی) و هەریەكە لە سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمان (ئومێد خۆشناو) و جێگیری سەرۆكی فڕاكسیۆن (ئامینە زكری) و پەرلەمانتار (وەحیدە خان) و بەرپرسی ناوچەی عەنكاوەی پ.د.ك (هەڤاڵ ئانۆ) و ژمارەیەك لە هەڤاڵانی ئەندامی مەكتەب، پێشوازییان لە شاندێكی هاوبەشی پەرلەمانی ئەورووپا و پەرلەمانی سوید كرد كە پێك هاتبوون لە پەرلەمانتاری ئەورووپا (لارش ئەداكتسۆن) و دوو هاوكاری و پەرلەمانتاری وڵاتی سوید (رۆبیرت هاف).
(هەورامی) دوای بەخێرهێنانی شاندی میوان كورتەیەكی لەسەر دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە بە گشتی و عێراق و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی خستە بەر باس و گفتوگۆ، هەروەها رەوشی ئێستای بەرەكانی جەنگی بۆ پەرلەمانتاران شی كردەوە و رایگەیاند: "لە ئێستادا هێزی پێشمەرگەی قارەمان بە ورەیەكی پۆڵایینەوە رووبەرووی تیرۆریستانی داعش بووەتەوە و لە هەموو بەرەكانی جەنگدا تووشی شكستی كردوون و فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە (سەرۆك بارزانی) لە بەرەكانی جەنگە و پێشمەرگەیش توانی لە كوردستانەوە كۆتایی بەو ئەفسانەیەی داعش بێنێت كە بۆ جیهان هەیبوو".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی زۆر سوپاسی وڵاتانی ئەورووپای كرد بۆ هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكان كە لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش پێشكەشی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
لە میانەی كۆبوونەوەكەیاندا پەرلەمانتارانی فڕاكسیۆنی پارتی، كار و چالاكییەكانیان لەناو پەرلەمان و پڕۆژەیاسایەكانیان لە روانەگەی پارتیی دیموكراتی كوردستانەوە بۆ شاندی میوان شی كردنەوە و (وەحیدە) وەك سەرۆكی فڕاكسیۆنی مەسیحی لە پەرلەمانی كوردستان، كورتەیەكی لەسەر مافی كەمینەكان و پێكەوەژیانی ناو هەرێمی كوردستانی خستە روو و رایگەیاند: "لە سایەی سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) هەرێمی كوردستان ئارامترین لانەیە بۆ كەمینەكان و پێكەوەژیانی ئایینی و ئیتنی". شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بەو سەركەوتنانەی پێشمەرگەی كوردستان دەربڕی و هیوای سەركەوتنی بەردەوامیان بۆ خواست، هەروەها بە بایەخەوە باسیان لە حكومداری لە هەرێمی كوردستان كرد و هیوایان خواست ناوچەكانی دیكەی عێراقیش بتوانن ئەو نموونەیەی هەرێم دووبارە بكەنەوە.
سەنگەر هەورامی




