پەرلەمانی كوردستان: بیركردنەوەی دروستكردنی كانتۆن بۆ شنگال بە توندی رەت دەكەینەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە راگەیاندراوێكیدا دەڵێت، بە توندی ئەو جۆرە بیركردنەوەیە رەت دەكەینەوە كە باس لە دروستكردنی كانتۆن بۆ شنگال دەكات.
ئەمەیش دەقی راگەیاندراوەكەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان:
چەند رۆژێكە لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە باس لەوە دەكرێت كە لایەنیكی سیاسیی كوردستانی داوای ئەوە دەكات، شنگال بكرێتە كانتۆنیكی سەربەخۆ، ئێمە لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بە توندی ئەم جۆرە بیریكردنەوەیە رەت دەكەینەوە و بە هەڕەشەی دەزانین بۆ یەكپارچەیی خاكی هەرێمی كوردستان، پێمان وایە ئەم جۆرە هەنگاوانە كوردستان دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆ، كە بەسەر چەند ئیدارە و كانتۆنێكدا دابەش ببوو، لە هەمان كاتیشدا ئەم هەنگاوە پێچەوانەی دەستوور و یاسا ئیدارییەكانی هەرێمی كوردستانە.
قسەكردن لەسەر بەكانتۆنكردنی شاری برینداری شنگال كە هێشتا بەشێكی گرینگی لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدایە، پێچەوانەی ئەو یەكدەنگییەیە كە لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان دروست بووە و هەروەها دژی یەكسەنگەریی نێوان هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانانە، كە لە چەند مانگی رابردوودا لە كۆبانییەوە تا جەلەولا دروست بووە، هەنگاوێكە بۆ لێكترازان و چاندنی تۆی دووبەرەكی لە نێوان پێكهاتەكانی گەلەكەماندا، بیركردنەوە لە دروستكردنی كانتۆن لە كاتێكدا بەداخەوە تا ئێستایش سیمای دووئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان دەبینرێت و بە هەموو لایەكمانەوە كار بۆ ئەوە دەكەین ئاسەوارەكانی دووئیدارەیی نەهێڵین و هێزی پێشمەرگەی كوردستان یەك بخەین و بیكەینە هێزێكی نیزامی، نەك بیر لە دروستكردنی كانتۆنێكی تر بكرێتەوە. پێویستە سەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستان، بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بكەن و ناكۆكییەكان قوڵتر نەكەنەوە و درێژە بە گیانی پێكەوەجەنگان دژ بە تیرۆریستان بدەن و هەنگاوەكانیش دەست پێ بكەنەوە بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی و یەكخستنی گوتاری هاوبەشی نەتەوەیی.
سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
17/1/2015




