٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داوای دامەرزاندنی پۆلیس و كشانەوەی هێزێك بۆ ناو خورماتوو دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

خورماتوو-KDP.info- لە كۆبوونەوەی ئیدارەی خورماتوو لەگەڵ ئەنجوومەنی شارەوانیی دووزخورماتوو و هەروەها لایەنی توركمانی لە ناوچەكە، داوای كشانەوەی ئەو هێزە دەكرێت كە ڕەوانەی شارەدێی ئامرلی كراوە و لەگەڵ دامەرارندنی 500 پۆلیسی دیكە كە مەبەست تێیدا پاراستنی ناوچەكەیە.

بەرێوەبەری راگەیاندنی قایمقامییەتی دووزخورماتوو (محەممەد فایەق) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "سەبارەت بە ڕەوشی خورماتوو كە ئێستا بە بارودۆخێكی ناهەمواردا تێپەڕ دەبێت، ئیدارەی خورماتوو بە سەرپەرشتیی قایمقام (شەلال عەبدول) لەگەڵ لایەنی توركمانی لە ئەنجوومەنی شارەوانی و هەروەها لایەنی سیاسیی توركمانی لە ناوچەكەدا كۆ بوونەتەوە".
گوتیشی، لە كۆبوونەوەكەدا چەند پرسێكی تایبەت بە ناوچەكە و بە تایبەتی لایەنی ئەمنی خرانە بەر باس و لێكۆڵینەوە و تێیدا بڕیار درا، ئەو دوو هێزەی كە پێشتر لە خورماتووەوە ڕەوانەی شارەدێی ئامرلی و ئەحمەد بیر كران، بگەڕێندرێنەوە بۆ ناو خورماتوو بۆ ئەوەی شانبەشانی هێزەكانی پۆلیس رۆڵیان لە دابینكردنی ئارامی و ئاساییش بۆ هاووڵاتیان و بنەبڕكردنی كردەوە تیرۆریستییەكان هەبێت. هاوكات بڕیار درا لە ماوەی داهاتوودا شاندێكی ئیداریی ناوچەكە سەردانی وەزیری ناوخۆی حكومەتی عێراق بكەن بۆ ئەوەی 500 پۆلیس بۆ سەرجەم نەتەوەكان لە كورد و عەرەب و توركمان لە سنوورەكە دابمەزرێن و ئەم هێزەیش بە هەمان شێوە بۆ پاراستنی ناوچەكە بێت لە تیرۆریستان.
(محەممەد فایەق) ئەوەیشی خستە روو، هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا لەسەر ئەوەی دەزگای هەواڵگریی خورماتوو بخرێتەوە كار بۆ ئەوەی پێشوەخت لایەنە ئەمنییەكان لە بوونی هەر پیلانێكی تیرۆریستان و كردەوەكانیان ئاگادار بكاتەوە، هەروەها سەرجەم لایەنەكان پاڵپشتیی لایەنە ئەمنییەكان بكەن بۆ ئەوەی بتوانن بە باشی كارەكانیان ئەنجام بدەن.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی قایمقامییەتی خورماتوو راشیگەیاند، باس لەوەیش كرا كە ئەنجوومەنی شارەوانیی ناوچەكە لە ماوەی پێشوودا كارەكانی زۆر بە خراپی و سستی بەڕێوە بردووە و پێویستە لەو رووەوە پێداچوونەوە بكەن و خۆیان رێك بخەنەوە. هەروەها داوا كرا بەڕێوەبەری پۆلیسیش كە پشكی توركمانە، بە شێوەی باشتر كارەكانی ئەنجام بدات لە رووی دابینكردنی ئاساییش و لایەنی ئەمنی لە ناوچەكە كە پێشتر لە ئاستی پێویستدا نەبوون.
كاروان جاف

هەواڵی پەیوەندیدار