زانیاری لەسەر گۆڕەبەكۆمەڵەكانی سەعدییە

سەعدییە-KDP.info- لە سنووری سەعدییە كۆمەڵێك تەرم دۆزراونەتەوە كە ژمارەیەكیان ئەو شوفێرە عەرەبانە بوون كە لەو رێگەیەوە هاتوچۆیان كردووە.
بەڕێوەبەری دەزگای شەهیدان و ئەنفالكراوانی خانەقین (هێرش ئەحمەد) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "پاش ئەوەی چەند گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە سنووری ناحیەی سەعدییە و جەلەولا دۆزرانەوە و فەرمانی دادوەر وەرگیرا بۆ هەڵدانەوەیان، لە 13/1/2014ـوە بە شێوەیەكی فەرمی بۆ هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە دەستبەكار بووین كە ژمارەیان سێ گۆڕە".
(هێرش ئەحمەد) گوتیشی، سەرەتا لە ناحیەی سەعدییە لە ناوچەی "تەل سلێمە" گۆڕێكیان هەڵدایەوە كە چوار تەرمی تێدا بوو بە پێی زانیارییەكان ئەو تەرمانە هاووڵاتیی مەدەنیی بە رەگەز عەرەب بوون. پاشان لە ناوچەی كوباشی گۆڕێكی دیكەیان هەڵدایەوە و تاوەكو ئێستا لەو گۆڕە 23 تەرم دەرهێنراون كە بە هۆی بەڵگەكانەوە دەردەكەوێت زۆربەی ئەو شوفێرە عەرەبانەن لەو رێگایەوە هاتوچۆیان كردووە و دەستگیر كراون، هەروەها ژمارەیەكیشیان پۆلیسی عێراقین.
بەڕێوەبەری دەزگای شەهیدان و ئەنفالكراوان لە خانەقین راشیگەیاند، لە جەلەولایش شوێنی دیكەیان هەڵداوەتەوە، بەڵام تەرمیان تێدا نەبووە و چەند زانیارییەك لە بەردەستدایە كە گۆڕی دیكەیش هەیە بە تایبەتی لەناو سەربازگەی كۆبرا و پرۆسەی گەڕان بە دوای ئەو گۆڕانە و هەڵدانەوەیشیان بەردەوام دەبێت
كاروان جاف




