مەحما خەلیل: لە پەكەكە قبووڵ ناكەین

شنگال-KDP.info- ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و كەسایەتیی كوردی ئێزدی لە شنگال دەڵێت، خەڵكی شنگال بڕیاری لە بارەی چارەنووسی خۆیەوە داوە و كەس ناتوانێ دەست لە كاروباری شنگال وەربدات، چونكە شنگال بەشێكە لە هەرێمی كوردستان.
ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و كەسایەتیی كوردانی ئێزدی لە شنگال (مەحما خەلیل) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "خەڵكی شنگال بڕیاری داوە لە چوارچێوەی ماددەی 140ـدا بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان و لە ئێستادا بۆ كەس نییە بڕیار لەبارەی چارەنووسی خەڵكی شنگالەوە بدات و بیكات بە كانتۆن".
(مەحما خەلیل) گوتیشی، ئەوانەی داوا دەكەن شنگال بكرێتە كانتۆن با جارێ دیاربەكر و كۆبانی بكەنە كانتۆن، ئەو كات بێن باسی كانتۆن بۆ شنگال بكەن كە بە هیچ شێوەیەك شنگال پێوەندیی بەوانەوە نییە.
(خەلیل) ڕوونیشی كردەوە، "پەكەكە رێز لە ئیرادەی خەڵكی شنگال و خوێنی قوربانیانی دەستی داعش ناگرێت، چونكە هەموو ئەو قوربانیانەی دراون بۆ ئەوەیە سەر بە هەرێمی كوردستان بین، بۆیە ئەوەی ئەو جۆرە داواكاریانە دەكەن، بە هیچ شێوەیەك لێیان قبووڵ ناكرێت".
بڵند ئیبراهیم




