پێشبینی دەكرێت لەم هەفتەیەدا نرخی بەنزین دابەزێت

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی كوردستان و ئاگادار لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەڵێت، لەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنی باڵای گاز و نەوتی هەرێم كۆ دەبێتەوە و پێشبینییشی كرد كە نرخی بەنزین بۆ هاووڵاتیان دابەزێندرێت.
جێگری لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (دڵشاد شەعبان)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "بە گوێرەی ئەوەی نرخی بەرمیلی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دابەزیوە و حكوومەتی عێراق بە 100 دۆلار لەسەر هەرێم هەژماری دەكرد و ئێستاش بووە بە 40 دۆلار، بۆیە نابێت زیاتر لەو نرخە حكوومەتی عێراق لەسەر هەرێمی كوردستان هەژماری بكات، بۆیە ئێمە لە لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكان لە پەرلەمان گوشار دەكەین نرخەكە دابەزێت و قسەمان لەگەڵ حكوومەت كردووە".
(دڵشاد شەعبان) دەشڵێت، "ئەوەی بەلای ئێمەوە گرینگە نرخی بەنزین كەم بكرێتەوە، پێویستیشە وەك خزمەتگوزاری بۆ خەڵك هەژمار بكرێت نەك بە شێوەی بازرگانی، ئێمە لە فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان داوا لە حكوومەت دەكەین دەبێت بەنزین وەك خزمەتگوزاری بۆ خەڵك حیساب بكرێت".
دەربارەی كۆبونەوەیان لەگەڵ حكوومەت لەم هەفتەیەدا، (دڵشاد شەعبان) ئاماژەی دا كە، "ئێمە تا ئێستا لەو باوەڕەدا نین لەگەڵ حكوومەت كۆ ببینەوە، بەپێی لێدوانی وەزیری سامانە سروشتییەكانیش حكوومەت لەم هەفتەیەدا وەك ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گاز كۆ دەبنەوە و باسی كەمكردنەوەی نرخی بەنزین دەكەن و من لەو باوەڕدام نرخەكەی كەم دەكرێتەوە".
نەشوان بەرزنجی




